"هەرێم بە هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم ڕازیبووە"

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران باس لە سەردانەكەی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ ئێران دەكات و دەڵێت "ریفراندۆم هەڵوەشاوەتەوە".


نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران لەلێدوانێكیدا بە ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی رایگەیاندووە "وەفدەكەی حكومەتی هەرێم لەمیانی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئێراندا، باسی لە پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێران و ئامادەییان بۆ نێوەندگیری هەولێر و بەغدا كردووە".

وتیشی، وەفدەكە "جەختی لەسەر پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق و پابەندبوون بەدەستووری عێراق، هەروەها ئامادەیی بۆ دانوستانكردن لەسەر سەرجەم كێشەكان كردۆتەوە".

باسی لەوەشکردووە كە تاران پێداگری كردووە لەسەر پێویستی پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستان، لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا.

سەبارەت بە ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017ش، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران رایگەیاند، "كاتێك پابەندبوونی خۆمان بە دەستوور و یەكپارچەیی عێراق راگەیاند، ئەوە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی پرسی ریفراندۆم و هەر بابەتێكی دیكە دێت كە سەربكێشێت بۆ سەربەخۆیی یاخود جیابوونەوە لە عێراق". 



PM:08:41:22/01/2018