نهێنیەکانی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین

تورکیا هێرشی سەربازی دەستپێکردوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی عەفرین لەبەر ئەوەی عەفرین پێگەیەکی ستراتیجی گرنگی هەیە و لە ئایندەدا پرسی سوریا لە عەفرینەوە یەکلای دەکرێتەوە.

بیانوەکانی تورکیا بۆ پەلاماردان و هێرشکردنە سەر عەفرین بریتیە لە بوونی یەکینەکانی پاراستنی گەل وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی سنورەکانی بەڵام ئەم هێرشە تەنیا پەیوەندی بەوە نیە بەڵکو هاوکێشەیەکی هەرێمی و نیودەولەتی تەحەکومی پێوە دەکەکات کە خۆی دەبینێتەوە لە ململانێکانی روسیا و ئەمریکا لە پێناو زیاتر هەیمەنە کردنیان لە سوریادا.

دورکەوتنەوەو ئالۆز بوونی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا کاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لە لایەن رووسیاوە بۆ دەستکردن بەم ئۆپراسیۆنە بە ئامانجی ئەوەی لە ئایندەدا تورکیا دوربکەویتەوە لە هاوپەیمانی ئەمریکا و بچێتە چوار چێوەی هاوپەیمانی روسیاوە بەمەش روسیا دەیەوێت کە پرسی سوریا لە بەرژەوەندی خۆی یەکلای بکاتەوە.

لەپاڵ ئەو ململانێ‌ نێو دەوڵەتی و هەرێمەی کە لەسەر عەفرین هەیە کورد خاوەنی هێزێکی سەربازی تۆکمە و بەهێزە لە رۆژئاوا و تەواوی سوریا بەناوی یەکینە کانی پاراستنی گەل کە رۆلی گرنگی یەکلا کردنەوە ئەبینن لەم ململانێدا بەو پێیەی ئەم هێزە تێکشکێنەری داعش و پارێزگاری یەکەمی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستانە.

ئەمەی خوارەوە توێژینەوەیەکی کورت و پوختە لە سەر (عەفرین لە بەردەم داگیرکاری تورکیادا) کەبەم شێوەیەی خوارەوە دابەشمانکردووە لە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، گرنگی پێگەی عەفرین، ئامانجی تورکیا لە هێرشکردنە سەر عەفرین چیە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی تورکیا لەلایەن YPG ەوە، کاریگەری ململانێکانی روسیاو ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر عەفرین، کاردانەوەی ووڵاتان سەبارەت بەم هێرشە.

 هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین

سوپای تور کیا لە (20/1/2018)ەوە دەستیان کردوە بە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لە ژێرناونیشانی (چڵە زەیتوون) کە ئامانج لێی بریتیە لە چونە ناوخاکی سوریاوە بە قوڵای (30)کم لە سنوری عەفرینەوە.

تورکیا بە بیانووی پاراستنی سنورەکانی لە هێرشی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەکینە کانی پاراستنی گەل بەشێکی سەرەکی پێک دەیەنن و لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە دژی داعش کە ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات دروست کراو ن و پشتگیری دەکرێن دەستی کردووە بەم ئۆپراسیۆنە.

تورکیا هەمیشە یەکینەکانی پاراستنی گەل کە بەشێِکی سەرەکی هێزە کانی سوریای دیموکرات پێکدەیەنن بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەوان بەشێکن لە پارتی کرێکارانی کوردستان کە پارتێکی کوردییە و لە قۆناغی خەباتی رزگاری نیشتیمانیدایە دژی تورکیا ئەمە لە کاتێکدا یەکینەکانی پاراستنی گەل ئاماژەبەوەدەکەن کە ئەوان هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆیان لەگەڵ پارتی کریکارانی کوردستان نیە.

تورکیا بۆ ئەم هێرشە پشت بە چەکدارانی سوریای ئازاد و گروپە توندرەوەکان دەبەستێت کە لەماوەی رابردودا راهێنانیان پێکردون، ئەم گروپ و هێزە توندرەوانە بە ئاڵای تورکیاوە پەلاماری عەفرین دەدەن.

دوا بەدوای هێرشی تورکیا پارتی یەکێتی دیموکرات داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە تەداخول بکەن ، روسیاش بەوە تۆمەتبار دەکات کە ناپاکی لێکردوون و ئەو هێزەی روسیا کە لە عەفرین بوون پێش دەست کردن بەم ئۆپراسیۆنە کشێنراونەتەوە.

گرنگی پێگەی عەفرین

عەفرین ناوچەیەکی شاخاوییە کە روبەرەکەی نزیکەی 3850 کم چوار گۆشەیە کە دەکاتە لە %2 خاکی سوریا سنورێکی فراوانی لەگەڵ تورکیادا هەیە.

ژمارەی دانیشتوانی بەهۆی ئاوارە بوونی خەڵکی ناو چەکانی ترەوە بەرز بۆتەوە بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ، گرنگی عەفرین لەوەدایە کە ئەو ناوچانە لەیەکتری دادەبڕێت کە لە ئۆپراسیۆنی تورەی فرات ئەو هێزانەی نزیکن لە تورکیا کۆنترۆلیان کردوە مەبەست لێی جەرابلوس و بابە ئەعزازە لە رۆژهەڵاتی عەفرین وە پارێزگای ئیدلیبیش لە لەرۆژئاواوە.

کۆنترۆڵککردنی عەفرین لە لایەن تورکیاوە بەواتای بەستنەوەی سەرجەم ئەو ناوچانەی کە هێزە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا کۆنترۆڵیان کردووە لە سەر سنور ، و گەشتنە بە دەریای ناوەراست.

عەفرین یەکێکە لە گرنگترین کانتۆنەکانی رۆژئاوا کە لە 2012 ەوە دوای ئەوەی سوپای سوریا ئەو ناوچەیان لەدەستدا یەکینەکانی پاراستنی گەل ئەرکی پارێز گاریکردنی ئەم ناو چەیان گرتۆتە ئەستۆ و لە 2014 ەوە وەک کانتۆنێکی رۆژئاوا راگەیاندراوە.

عەفرین پێشتر لەلایەن بەرەی نوسرە و داعش و حکومەتی سوریا وە چەندین جار هەوڵدراوە کۆنترۆڵ بکرێت و هێرشکراوەتە سەری بەڵام یەکینەکانی پاراستنی گەل پاراستوویانە.

یەکێک لە گرنگییەکانی تری عەفرین بریتیە لەوەی کە خاڵێکی گرنگی بەستنەوەی کوردەکانی رۆژئاوایە بە باکوری کوردستانەوە کە کوردەکانی ئەم دووبەشەی کوردستان زۆر نزیکیان لە گەڵ یەکتری هەیە بە شێوەیەک کە تەنانەت هەردووکیان بەهەمان شێوەزاری کوردیش قسە دەکەن.

لەپاڵ هەموو ئەوانەی کە باسمان کرد عەفرین پێگەیەکی گرنگی جیۆستراتیجی هەیە بەو پێیەی دەروازەیەکە بۆ گەشتنی کورد بۆ سەر دەریای ناوەراست کە دەکرێت لە ئایندەدا ببێتە خاڵێکی گرنگی کرانەوەی رۆژئاوای کوردستان بەروی جیهاندا لە رووی بازرگانیکردنەوە و هەوەها سوردی گرنگیشی هەبێت بۆ باشوری کوردستان لە بەر ئەوەی هاوسنورە لە گەڵ رۆژئاوادا.

عەفرین چۆن گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ کوردەکان بە هەمان شیوە وەک شوێنێکی ستراتیجی گرنگ دادەنرێت بۆ تورکیا چونکە تورکیا نایەوێت کورد سود لە دەریای ناوەراست ببینێت بەمەبەستی کرانەوە بەڕووی جیهاندا و هەروەها دەیەوێت ئەو ناوچانەی سوریا کە لە لایەن گروپە توندرەوەکان و سوپای سوریای ئازادەوە کۆنترۆڵ کراون بگەیەنێتەوە بەیەک.

 ئامانجی تورکیا لە هێرشکردنە سەر عەفرین چیە؟

تورکیا رایگەیاند کە ئەوان ئامانجیان لەم ئۆپراسوێنە چونە ناوخاکی سوریایە بە قوڵای 30 کم بەمەبەستی پاراستنی سنورەکانیان و دروستکردنی ناوچەی ئارام لە نزیک سنورەکەیان چونکە ئەوان بوونی هێزی یەکینەکانی پاراستنی گەل بەهەڕەشە دەبینن بۆ سەر ئاسایشی تورکیا لەبەرئەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل لقێکن لە پارتی کرێکارانی کوردستان هەروەها ئەوان نیگەرانن لە پشتگیری کردن و پڕچەککردنیان لە لایەن ئەمریکاوە.

لەراستیدا تورکیا ئامانجی سەرەکی بریتییە لە بچراندنی پەیوەندی نێوان کوردەکانی رۆژئاوا و باکور لە لایەک و لە لایەکی ترەوە نایەوێت کوردەکانی رۆژئاوا بگەنەوە سەر دەریای ناوەڕاست لەبەرئەوەی لە ئایندەدا سوردی زۆری دەبێت بۆیان.

تورکیا بەهێرشکردنە سەر عەفرین و کۆنترۆڵ کردنی دەیەوێت رۆژئاوای کوردستان ئابلۆقە بدات و تەوقیانبدات بەشێوەیەک هیچ دەروازەیەکیان بۆ نەهێڵیتەوە بۆ پەیوەندی کردن بە جیهانی دەرەوە چونکە لەحاڵەتی گەشتنی کورد بەدەرەوە ئەوە کوردەکان دەست دەکەن بە بازرگانی و لایەنی ئابوری ئەم هەرێمە کوردیانە دەست دەکات بە بووژانەوە کە ئەمەش لە بەر ژەوەندی تورکیادا نیە.

بەکۆنترۆڵکردنی عەفرین تورکیا دەیەوێت کە ئەو ناوچانەی کە چەکدارە توندەرەوەکان داگیریان کردن لەگەڵ سوپای سوریای ئازاد کە نزیکن لێیەوە بگەیەنێت بەیەکتری و وەک قەڵخانێک بۆ پاراستنی تورکیا بەکاری بیەنێت و بشیانخاتە شەرەوە لەگەڵ کانتۆنەکوردییەکانی تر.

 یەکینەکانی پاراستنی گەل بەرپەرچی هێرشی تورکیا دەدەنەوە

یەکینەکانی پاراستنی گەل کە بەشێکی سەرەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێک دەینەنن لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعشەوە پڕچەک کراون و مەشقیان پێکراوە بەتوندنی بەر پەرچی هێرشەکانی تورکیایان داوەتەوە بۆ سەر عەفرین.

تورکیا بە ئاسانی ناتوانێت سەرکەوتوو بێت لە هێرشەکانی هەرچەندە لەڕوی چەک و هێزی سەر بازییەوە نا بەرامبەرییەکی زۆر گەورە هەیە لە نێوان سوپای تورکیاو یەکینەکانی پاراستنی گەل بەڵام وەک پێشتر لە کوبانی و زۆر ناوچەی تر بینیمان یەکینەکانی پاراستنی گەل هێزێکن بە ئاسانی تەسلیم نابن و تا کۆتای شەر دەکەن بەمەش پێویستە چاوەری شەرێکی قورس بکەین.

لەدوای هێرشەکانی تورکیا بۆسەر عەفرین خۆبەرێوەبەری دیموکراتی عەفرین داوای لە سەر جەم خەڵکی ناو عەفرین و پلەباڵاکانی کردووە کە چەک هەڵبگرن و دژی داگیرکارییەکانی تورکیا بوەستنەوە و جگە لەوە داوا لە کۆمەڵگای نێو دەولەتی دەکەن کە بێدەنگ نەبن.

هەموو پێشهاتەکان ئاماژەی ئەوەمان پێدەدەن کە شەڕێکی قورس چاوەڕوانی تورکیا دەکات لەبەر ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل ماوەی چەندین ساڵە خۆیان بۆ ئەم شەرە ئامادەکردوە و و ئەزموونێکی باشیشیان لە شەردا هەیە بەو پێیەی بەتێکشکێنەری داعشن لە رۆژئاوا و تەواوی سوریادا.

لەپاڵ بانگەشەی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی عەفرینیش هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی فیدرالی باکوری سوریا داوای لە سەرجەم کوردان و پارتە سیاسیەکان کرد کە دژی داگیر کاری تورکیا بوەستنەوە بۆ سەر عەفرین.

 رۆڵی ململانێکانی ئەمریکا و رۆسیا لەهێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین

ئەمریکا پێی وایە کە ترسی تورکیا لە ئاسایشی نەتەوەکەی شەرعییە بەڵام دەبێت تورکیا کۆنترۆڵی خۆی بکات و وە پێویستە کە جوڵە سەربازییەکانی سنوردار بێت و قوربانی لێنەکەوێتەوە بە تایبەتی هاوڵاتیانی مەدەنی نەبنە قوربانی، بەڵام تورکیان نیگەرانە لە رەفتارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەو پێیەی کە ئەمریکا پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات .

دوای ئەوەی کە ئەمریکا رایگەیاند لە (13/1/2018)یارمەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەدات بەمەبەستی دروستکردنی هیزی ئاسایشی سنور لە کە ژمارەیان لە 30 هەزار شەرکەر پێک دێت و ئەمریکا راهێنانیا پێدەکات، نیگەرانی تورکیای لێکەوتەوە لە بەر ئەوەی نێوەی ئەم هێزە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات پێک دێت ئەردۆغان ئەم هێزەی بە سوپای تیرۆر ناو برد.

ئەمریکا مەبەستی سەرەکی لە دروست کردنی ئەم هێزە نوێیە بەناوی هێزی ئاسایش سنور بریتییە لە وەستاندنی هاتنی تیرۆرستانی داعش لە تورکیا و عێراقە وە بۆ سوریاو هەروەها مەبەستێتی ئەم هێزە ببێتە بەر بەست لە بەر دەم هەیمەنەی روسیاو تورکیادا بۆیە رۆسیا بریاری کشانەوی سەربازەکانی خۆیدا لە عەفرین و لەگەڵ کشانەوەی سەربازانی روسیا لە عەفرین تورکیا دەستی کرد بەهێرشکردنە سەر عەفرین لە ژێر ناوی ئۆپراسیۆنی(چڵە زەیتون).

بەر لە کشانەوەی سەربازانی روسیا لە عەفرین، دوو بژرادەیان خستۆتە بەردەم کوردەکان کە ئەوانیش بریتی بوون لەوەی کە واز لە عەفرین بیەنن بۆ حکومەتی سوریا کە مەبەست لێی حکومەتی بەشار ئەسەدە یان دەبێت رووبەرووی سوپای تورکیا ببنەوە
پەیوەندییەکانی رۆسیاو تورکیا لە نزیکبونەوەدان لەگەڵ یەکتری لەدوای دروستبوونی ناکۆکی و ئاڵۆزی لەنێوان ئەمریکا و تورکیادا بە تایبەت دوای ئەو پشتگیریانەی کە ئەمریکا دەیکات بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل .

ئاڵۆز بوونی پەیوەندی ئەمریکا و تورکیا هانی بەرووسیاوە ناوە کە گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵبکات بەمەبەستی هێرشکردنە سەر عەفرین بە هیوای ئەوەی کە لە ئایندەدە تورکیا دەستبەرداری ئەمریکا ببێت و ببێتە هاوپەیمانی روسیا لەناوچەکەدا.

کەواتە ئەوەی لە عەفرین روو ئەدا بەشێکی دەرئەنجامی ململانێی دوو ووڵاتی زلهێزی گەورەی وەک روسیاو ئەمریکایە کە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بەشێوازی جیاجیا لە پێناوی بەرژەوەندیەکانی خۆیان هێزو ووڵاتانی جیهانیان پێکدا کێشاوە.

کوردەکان زۆر جار رۆسیا بە ناپاک وەسف دەکەن لەبەر ئەوەی کە گلۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکردوە لە دوای کشاندنەوەی سەربازەکانی لە عەفرین، بێدەنگی ئەمریکاش سەبارەت بە داگیر کاری تورکیا بۆ عەفرین لەوە وە سەرچاوە دەگرێت کە عەفرین وەک بەشێک لە ستراتیجی روسی سەیر دەکەن بەڵام دوور نیە لە ئایندەدا ئەم کانتۆنەش وەک کانتۆنەکانی تر ببێت بە بەشێک لە ستراتیجیەتی ئەمریکی.

 کاردانەوەکانی ووڵاتان سەبارەت بە داگیرکاری تورکیا بۆ سەر عەفرین

ووڵاتانی ئەوروپا بە شێوەی جیاجیا لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەیانەوە رای خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین .

فەرەنسا داوادەکات کە دەست بەجێ شەرکردن بوەستێنرێت و هاوکاری مرۆی بگەیەنرێتە لێقەوماوانی شەڕ ، ئەوەی کە خاڵی زۆر گرنکە لە سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسا سەبارەتە بە عەفرین بریتیە لە داواکردنی فەرەنسا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین را بگرێت ئەمە لەکاتێکدا یە وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ پێی وایە کە بردنی ئۆپراسێونی تورکیا بۆ ناو رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن فەرەنسا یان هەر ووڵاتێکی ترەوە بێت بەبەرژەوەندی تیرۆرستان کۆتای دێت کە مەبەستی یەکینە کانی پاراستنی گەلە.

لەپاڵ فەڕەنساش وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش رای گەیاند دوای هێرشی تورکیا بۆ سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل مەترسیەکان پێشبینیکراو نین و ئەم هێرشەی تورکیا نیگەرانی کردون، چونکە دوای ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل سەرکەوتنی گەورەیان بەسەر داعش بەدەستهێنا پێویستە ئاشتی بێتە کایەوە نەک شەرێکی تر چونکە سەرجەم خەڵکانی سوریا بە دەست شەرەوە قوربانیان داوەو دەناڵێنن.

میێریش وەکو یەکەم ووڵاتی عەرەبی لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی رایگەیاند کە ئەوان هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین کە دەکەوێتە باکوری خۆرئاوای سوریاوە رەتدەکەنەوە چونکە ئەمە بەواتای بەزاندن و هێرشکردنە سەر سەروەی سوریا دێت وە ئەم هێرشە کاریگەری ئەبێت لەسەر هەوڵەکانی لەناو بردنی تیرۆر لە سوریادا.

 دەرئەنجام

-قوربانی یەکەم لە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین بریتی دەبێت لە هاوڵاتی مەدەنی، کە زیاتر لە یەک ملوێن هاوڵاتی مەدەنی لە عەفرین دەژیی لە ئێستادا.

-ئەوەی لە عەفرین روودەدات بریتیە لە پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی روسیاو ئەمریکا کە هەریەکەیان هەوڵی زیاتر کردنی هەیمەنەی خۆی دەدات لە ناوچەکەدا.

-تورکیا ناتوانێت سەرکەوتنی گەورە بەدەست بیەنێت لەم ئۆپراسیۆنەدا لەبەر ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل کە بەهێزترین هێزی چەکدارن لە سەرجەم سوریادا بڕیاریاندەوە کە بەتوندی دژی تورکیا بوەستنەوە.

-بەبیانوی پاراستنی سنورەکانی تورکیا دەستی کردووە بە ئۆپراسیۆنی سەربازی بە ئامانجی داگیر کردنی عەفرین بۆ پێکەوە بەستنەوەی ئەو ناوچانەی کە هێزەکانی نزیک لە تورکیا کۆنترۆڵیانکردووە.

-بەهەڵکردنی گڵپی سەوز لەلایەن رۆسیاوە بۆ تۆرکیا کورد زیاتر لە ئەمریکا نزیک دەبێتەوە بەمەش دوور نیە هاوکێشەی سیاسی سوریا بەبەرژەوەندی ئەمریکا یەکلای ببێتەوە.

توێژەری سیاسی: جەزا ئەحمەد فارس



PM:01:23:26/01/2018