کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لەسەر ١٩ خاڵ رێککەوتن

کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کە دوو رۆژە لە سلێمانی بە بەشداری نزیکەی ٤٠٠ سیاسی و چالاکوان بەشداربوو، لەسەر ١٩ خاڵ رێککەوتن.

دەقی ئەنجامنامەکە:

ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی راوێژی یەکیەتیی نەتەوەیی کوردستان/ باشوور

2018/1/27-26

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان  ک ن ک، لە رۆژانی 26 و 27 ی مانگی 1ی 2018 لە شاری سلێمانی و لە هۆڵی هوتێل "های کرێست” بە بەشداری زیاتر لە 300 کەس لە نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسیەکان و پەڕلەمانتار و مامۆستایان زانکۆ، هەروەها نوێنەری رێکخراوە مەدەنیەکان و لێکۆڵەروان و کەسایەتی سەربەخۆ و رۆشنبیران و زانایانی ئاینیی لە باشووری کوردستان، بەڵام هەروەها نوێنەرانێک لە پارچەکانی دیکەی کوردستان،کۆنفرانسێکی راوێژی یەکێتی نەتەوەیی ئەنجام دا.

لە نێوان 72 هەمین ساڵیادی کۆماری دیموکراتیکی کوردستان و هێرشی ئێستای دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین کە شاری ئاشتیی و برایەتیی و بەرابەرییە و کە لە 6 ساڵی ڕابردوودا تەنیا شوێنێکی ئارامی ناو سووریا بووە، ئێمەی کورد لەو ئاستە پێویستەدا خاوەنی ئەو یەکیەتییە نەتەوەییە نیین کە بتوانین وەڵامی داگیرکەر بە دروستیی بدەینەوە.

قەیرانی نەبوونی سیستەمێکی دیموکراتیک لە باشووری وڵات، نەتوانینمان بۆ پێکەوەبەستنەوەی باشوور و ڕۆژئاوا، نەتوانینمان بۆ وەڵامدانەوە بە ئێران و تورکیا، هەموو زادەی نەبوونی یەکیەتیی نەتەوەیین.

لە ڕێگای هەبوونی یەکیەتیی نەتەوەییەوەیە ئێمە دەتوانین دیالۆگی نیشتیمانیی پێشبخەین و سوود لە توانای خەڵکی کوردستان وەربگرین. لە یەکیەتیەکی نەتەوەییدایە کە هەموو ئایین و ئایینزا و پێکهاتەیەکی کوردستان دەتوانن زمانێکی هاوبەشی سیاسیی و جڤاکی پێش بخەن. بە یەکیەتیی نەتەوەیی هاوئاهەنگیی نیشتیمانیی دروست دەبێت.

یەکیەتیی نەتەوەیی زەمینەی فەراهەمکردنی مافی هاووڵاتیییبوون پێش دەخات و دەرووازە لە سەر بایەخی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ دەکاتەوە.

لەم کۆنفرانسی ڕاوێژەدا بەشداران پێیان وایە لە ڕێگای یەکیەتیی نەتەوەییەوە دەتوانین چارەسەر بۆ قەیرانی بەڕێوەبەریی لە باشوور بدۆزینەوە. لە ڕاوێژێکی نەتەوەییدا ئیمکانی دەستنیشانکردنی میتۆدی گونجاو بۆ هەڵبژاردنێک و بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی خەڵکی باشوور و بۆ توندکردنەوەی شیرازەی نەتەوەیی باشوور فەراهەم دەبێت.

هەر لەو بارەوە هەموو نزیکبوونەوەیەکی کوردان لە یەکتر دەرفەتێکی نوێ بۆ خەباتی ئازادیخوازی گەلی کوردستان دەڕەخسێنێت.

داگیرکەران خۆشیان  ئەمە دەزانن، سەرەڕای هەموو لاوازی و ناکۆکیەکانیان، هەوڵ دەدەن بە هەموو شێوەیەک هاوکاری یەکتر بکەن تا پێکەوە نەهێڵن کورد بە ئامانجی خۆی بگات. دوژمنانی کورد سازش بۆ یەکتر دەکەن و بە شێوەی جیاواز سەری خۆیان بۆ هێزی نێونەتەوەیی دادەنەوێنن، تا هیچ کەس هاوپشتی لە گەڵ کورد نەنوێنێت. لەبەر ئەوە وەڵامی ئێمە دەبێت پێکهێنانی یەکیەتیەکی نەتەوەیی پتەو بێت.

ساڵی  2013سەرەڕای هیمەتی هەموو لایەک، مەخابن، لە بەر هۆکارگەلی جیاواز نەتوانرا لە بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەییدا سەرکەوتوو بین. ئێستا دۆخی کوردستان جیاوازە، مەترسیەکان زیاتر دیارن و گەلی کورد باشتر ئامادەیە. هەم پارتە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، هەم ڕۆشنبیر و نووسەر و زانایانی ئایینی و بەتایبەتیی ژنانی کورد و رێکخراوە مەدەنیەکان، ئەمڕۆ بە هۆی دۆخی ئێستاوە زیاتر ئامادەی کار و خەباتن.

لەم کۆنفرانسەدا بۆمان دەرکەوت کە بەستنی کۆنفرانسێکی ڕاوێژی کوردستانیی سەرتاسەریی بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان کە لە ڕۆژەڤی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا هەیە، دەبێت بە زووترین کات ئامادەکاریی بۆ بکەین. ئەوە وەڵامێکی باش دەبێت بەم گەلەکۆمەکیەی کە لەم دوواییەدا ئێران و تورکیا و ئێراق و سووریا لە باشووری کوردستانیان کرد و کە هەر ئێستا سەرئەنجامەکەی ئەم هێرشەی ئێشتای سەر عەفرینە. ئەگەر دەستوبرد نەکەین ئەوا ئەم دەوڵەتانە ئیزن بە خۆیان دەدەن توندتر بەرخورد بە گەلەکەمان بکەن.

بەشداربووان دڵسۆزانە و لەخۆبردووانە گەلێک بۆچوون و پێشنیاریی دروستیان خستە بەردەست. لێرەدا بە کۆی دەنگ ئەو خاڵانە لەم سەرئەنجامگیریەدا کۆ دەکەینەوە.

1. کوردانی هەموو پارچەیەک بەشێکن لە نەتەوەی کورد و پێکەوە نەتەوەی کورد پێک دەهێنن. لەبەرئەوە یەکیەتیی کوردان پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە. یەکیەتیی نەتەوەیی کوردان بۆ دژایەتیکردنی هیچ نەتەوەیەک نییە و دەتوانێت قازانج بە دیموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەیەنێت.

2.هەموومان پێکەوە یەک دیبلۆماسیی کوردستانیی ئازادیخواز پێش بخەین و کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ببێت بە سەرچاوەی دیپلۆماسییەکی هاوبەشی نیشتیمانیی.

3.هەموومان پێکەوە یەک ستراتیژیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی هاوبەش لە ڕۆژەڤماندا هەبێت کە ئەویش کوردستانێکی ئازاد و دیموکراتیکە کە هەموو پێکاتەیەکی کوردستان بتوانن تیایدا درێژە بە سەربەخۆیی و تایبەتمەندیی خۆیان بدەن.

4. خەڵکی کوردستان لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر پێویستیان بە هێزێکی پاراستنی هاوبەش و سەرئەنجامیش بە دامەزراندنی سپایەکی هاوبەشە. هێرش لەسەر هەر پێکهاتە و هەر پارچەیەکی کوردستان، هێرشە لە سەر تەواوی خەڵکی کوردستان و تەنیا بە لەشکرێکی هاوبەشی کوردستانیی دەتوانین بەر لە دوژمنان بگرین.

5.بە هەموو شێوەیەک نەفرەت لە شەڕی ناوخۆ دەکەین و داوا دەکەین کە کێبڕکێی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی لە فۆرمێکی تەندروست و هاونیشتیمانییدا بکرێت. هەبوونی حیزب و ڕێکخراوەی جیاواز نابێت ببێت بە هۆی ململانێی ناتەندروست و زەرەرمەند لە بەرژەوەندیی نیشتیمانیی.

6. ئەو هێرشانەی بۆ سەر رۆژاوای کوردستان و بە تایبەتیی گەف و گوڕ لەسەر عەفرین بە هێرش بۆ سەر هەموو کورد دەزانین و داوا لە خەڵکی کوردستان و رای گشتی دەکەین کە خاوەندارێتی لە رۆژئاوای کوردستان بکەن. بە هەمان شێوە پشتگیریی لە تێکۆشانی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان لە باشوور دەکەین و داوا دەکەین کە کێشەی کورد لەو ناوچانە بە شێوەی ئاشتیی و دیموکراسیی چارەسەر بکرێت و بە توندیی ئەو دەستدرێژییە شەرمەزار دەکەین کە پاش 16/10 لە سەر ئەو ناوچانە کراون. هەروەها وەبیر حکومەتی ئێراق دەهێنینەوە کە بەرپرسیاریی خۆی هەڵبگرێت.

7. بە هەموو شێوەیەک دەستدرێژیی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەرمەزار دەکەین و پشتگیریی لە تێکۆشانی ڕۆژهەڵات و گەلانی دیکەی ئێران دەکەین. هەروەها بەشداربووانی کۆبوونەوەی راوێژی یەکێتی نەتەوەیی داوا لە هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن کە بۆ زامنکردنی بەرژەوەندیی خەباتی ئازادیخوازانەی کوردستان لە یەکتری نزیک ببنەوە. نزیکبوونەوەیان لەیەکتری هێزێکی مەزن بە خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان دەبەخشێت و فشار دەخاتە سەر ڕژیمی ئیسلامی ئێران کە بە بەردەوامیی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنیی لە زیندان دەهاوێت و برەوی بە لە سێدارەدان و تیرۆرکردن داوە.

8. لە هەموو کار و خەباتێکدا پشتگیریی لە یەکسانی بەشداربوونی ژنان و پیاوان دەکەین، هەروەها داوا لە لایەنانی خاوەن بەرپرسیاریی دەکات کە  وەڵام بە هەر جۆرە دەستدرێژیی و توندوتیژییەک بدەنەوە کە دژ بە ژنان دەکرێن.

9. داوا لە هەموو جۆرەکانی ڕاگەیاندن دەکەین کە سفاری حیزبایەتیی بەرتەسک ببەزێنن و زیاتر لە سەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی قووڵ ببنەوە. مێدیای کوردیی دەبێت مێدیایەکی هۆشیار بێت کە ستراتیژیی یەکیەتیی نەتەوەیی پێش بخات، کە ڕۆڵی ژنان و پاراستنی مافی ژنان و مافی مرۆڤ بە بنەما بگرن.

10.ئەو 21 خاڵەی کە لە بەڵگەنامەی پیوان و پرینسیپەکانی یەکیەتیی نەتەوەییدا هاتووە بکرێت بە بنەمای کاری پراکتیکیی، بەتایبەتیی لە پێشخستنی هزری دیموکراتیی و پلورالیزمی سیاسیی.

11. هەروەکو ئەم کۆبوونەوە ڕاوێژییە، گرینگە کە هەموو بەشداران بە پێی توانا لە کار و ئەرک و چالاکیەکاندا بەشدار بن. ئەوانەی ئەم جارە بەشدار نەبوون یان نەیانتوانی بەشداربن، لە کار و خەباتی ئاییندەی کۆنگرەی نەتەوەییدا چالاک بن و  ئەرک و کار لە ئەستۆ بگرن.

12. هەموو تاکەکسێکی ڕۆشنبیر، ڕێکخراوە مەدەنیی و پیشەییەکان و حیزبەکان زیاتر خزمەت بە هۆشمەندیی نەتەوەیی بکەن، و زیاتر متمانە و باوەڕ بۆ هێزی گەل دروست بکەن. لەو بارەوە دووبارە داوا لە هەموو پارت و ڕێکخراوەیەکی سیاسیی و کەسایەتی سەربەخۆ دەکەین خۆ بەدوور نەگرن و ڕۆڵی پێویستی خۆیان بگێڕن. هەروەها جەخت لە سەر بەردەوامیی داوەتکردن و بانگکردنی ئەوانە دەکەینەوە کە ئەم جارە ئامادەییان نەبووە.

13. بەشداربووانی کۆبوونەوەی راوێژ سڵاو لە بەرخۆدانی زیندانیانی سیاسیی دەکەن و پشتگیریی لە خەبات و تێکۆشانیان دەکەن، پشتگیریی لە ئازادیی ژنانی کورد و تێکۆشینی لاوان و جەوانان دەکەن، داوا دەکەن کە هەمووان  واز لە خۆ دوورگرتن بهێنن و لە دیالۆگی هاوڕێیانە و هاوخەباتیدا کارا بن و لەو چالاکیانەدا بەشدار بن کە لە دژی  دەستدرێژیی داگیرکەران ئەنجام دەدرێن.

14.کۆبوونەوە و چالاکیی لەم جۆرە هەتا بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بەردەوام بێت و هەروەها جەختیان لە سەر ئەوەش کردەوە کە بۆ هەنگاوەکانی ئاییندە ئامادەی کار و لە ئەستۆگرتنی ئەرکن. لە کاتی کار و خەباتی یەکیەتی نەتەوەییدا، پێویستە سوود لە روانگە و پێشنیاری کۆمیتەی یەکیەتی نەتەوەیی ژنانی کورد وەربگیرێت و زەمینەیان بۆ خۆش بکرێت کە لە هەموو کار و خەباتێکدا چالاکانە بەشدار بن.

15. پاش ئەم کۆبوونەوە ڕاوێژکارییە، بۆ ئەوەی درێژە بە گفتوگۆ و دانوستاندنی پێویست بۆ داڕشتنی ڕێباز و پلان و نەخشەڕێ، خاڵی سەرەکی خەبات بێت بۆ بەهێزکردنی یەکیەتیی نەتەوەیی و دەبێت درێژە بە کار و خەباتی خۆمان بدەین. لەو کار و خەباتەدا پێویستە ڕۆڵی جەوانان، ژنان وڕێکخراوە مەدەنیی و پیشەییەکان زیاتر بێت. هەروەها زیاتر لە سەر باشکردنی پێوەندیی نێوان حیزبەکان کار بکرێت.

16.گیانی لێبوردەیی و پێکەوە ژیانی گەلانی کوردستان و باوەڕە جیاکان و هەموو پێکهاتە ئیتنیکیەکان و رێزگرتن و یەکتر قەبوڵکردن زامنی خۆشگوزەرانیە بۆ هەمووان، و هەوێنی دروستکردنی جڤاتێکی مرۆڤی تەندروست و دیموکراسیە لە ئایندەدا.

17. هەروەکو لەوەبەر ئاماژەمان پێ کردووە، دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندان و ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی خۆماڵیی بەشێکن لە ئەزموون و لە کردەی دیموکراسیی و هەر جۆرە دەستدرێژیەک، بەتایبەتیی کاتێک کەسایەتیی خەڵکی تێدا بریندار بکرێت و خوێنی خەڵکی بێ تاوانی تێدا بڕژرێت، بە توندیی شەرمەزار دەکەین. داوا دەکەین دەسەڵات تۆلەرانسی سیاسیی هەبێت و گوێ بە داوای خەڵک بدات و ناڕەزایی گەل بە تاوانکاریی لە قەڵەم نەدات. هاوکات داوا لە خەڵکی بەشخوراو دەکەین پشوویان درێژ بێت و بایەخ بە میتۆدی ئاشتیخوازانە بدەن و زیان بە موڵک و سامانی تایبەتیی و گشتیی نەگەیەنن.

18.دادەوەریی کۆمەڵایەتیی و دابینکردنی ژیانی خەڵک بەشێکە لە یەکیەتیی نەتەوەیی چونکە گەلێک ناتوانێت بە یەکیەتیی نەتەوەیی بگات کاتێک زۆرینەی خەڵک بێ نان و بێ خزمەتگوزاریی و بێ کار و بێ ئاییندە بن.

19.  پشتگیریی  لە تێکۆشان و خەباتی ڕەوای باکوری کوردستان دەکەین.

هاوکات ئەم گفتوگۆ و ڕاوێژە کە بە بەشداریی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان، رێکخراوی مەدەنی، کەسایەتی سەربەخۆ، ڕۆشنبیر و نووسەر و ئەکادیمیسیەن و زانایانی ئاینی و دڵسۆزانی دیکە ئەنجام دراوە نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە گەیشتووینەتە نرخ و بەهایەکی مێژوویی. گەلەکەمان بە جۆش و خرۆشەوە لەم خەباتە دەڕوانێت. لەبەرئەوە بەرپرسیاریی گەورەتر بۆ کار و خەباتی ئاییندە دەکەوێتە سەر شانمان. لەو بارەیەوە داوا لە تەواوی پارت و ڕێکخراوی سیاسیی، کەسایەتی سەربەخۆ، ڕۆشنبیر و نووسەر و ئەکادیمیسیەن و دڵسۆزان و وڵاتپارێزان دەکەین کە لەم کار و خەباتەدا شان بە شانمان بن و بەشداری بکەن، هەروەها خاوەنداریەتی نیشان بدەن. هەمدیس هەموو بەشدارانی ئەم کۆبوونەوەیەش درێژە بە تێکۆشان بدەن و بیکەن بە ئەزموونێکی بەسوود،  بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە یەکتری و بەهێزکردنی هیوا بۆ گەلەکەمان.

کۆبوونەوەی ڕاوێژی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان
2018-1-27 سلێمانی



PM:04:28:27/01/2018