کادیرێکی دیاری پارتی: پێویستە دان بەدوو ئیدارەیی سلێمانی‌و هەولێردا بنرێت

میدیاکاری ناسراوی کورد پێیوایە رایەڵی بەستنەوەی سلێمانی بەهەولێرەوە پچڕاوەو، دەڵێت" باشترین چارەسەر دوو ئیدارەیی لەسەر بنەمای دوو دراوسێی باش (لە چوارچێوەی هەرێمێكدا) پێڕەو بكرێت".

لە نوێترین نووسینیدا رێبوار کەریم وەلی میدیاکاری ناسراوی رووداو پارتی کە بەناونیشانی " بڕیارە قورسەکە کێ دەیدات؟" پێیوایە" داڕمانی ناوەندی بڕیاری سیاسی لە سلێمانی، نەك هەر زەمینەی بەڕێوەبردنی هاوبەشی لەئارادا نەهێشتووە، بگرە رایەڵە لەرزۆكەكانی بەستنەوەی سلێمانی بە هەولێریشەوەی پچڕاندووە. ئەمڕۆ حیزبێكی وەكو پارتی كە حیزبی یەكەمی كوردستانە و بە هاوكاریی بەشێكی بنەماڵەی تاڵەبانی حوكمڕانی دەكات، پەیوەندیی سیاسی لەگەڵ بەرامبەرەكانیدا گەیشتووەتە خاڵی سفر". ئەگەرچی لەسەر ئاستی تاكەكەسی سیاسییەكان (تەنانەت سەران و جێبەجێكارانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریش) سەردانی پارتی دەكەن، بەڵام ئیتر كار گەیشتووەتە راددەیەك كە پارتیش نازانێ كێ تەمسیلی كێ دەكات؟ ئەوەیشی كە لەو حاڵەشدا بۆ پارتی ماوەتەوە، ئەوەیە كە پارتی بكرێتە ئامانج و وەك كەرەستەی بەدەستهێنانی ئیمتیازی سیاسی لە سلێمانی بەكاربهێنرێت، جا گرنگ نییە شەڕی عەفرین بێت، یان وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێك لە هەڵەبجە!".
ئەو نووسەرە دەڵێت " مەرامی هێزەكانی سلێمانی لە هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و پێكهێنانی حكومەتی كاتی (لەكاتێكدا كە هەمووشیان تێیدا بەشدار بوون) دەستی دەستیكردن بوو بە هەڵبژاردن، تا بتوانن رووبەری پەرێزی خۆیان ببینن، چونكە هیچیان ئامادەییان تێدا نەبووە و تا ئێستاش نییانە، بۆیە هیچ گوشار و گوتارێكیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە".

هەروەها هاتووە "لە راستیدا درێژەپێدانی ئەم واقیعەی ئێستا، غەدرێكی گەورەیە كە لە تاكی كورد دەكرێت. ئەوە بە هەڵبژاردنیش قابیلی چارەسەر نییە و بگرە هێندەی دیكە كێشەكان قووڵ دەكاتەوە، چونكە ململانێی سیاسی گەیشتووەتە ئاستی رەتكردنەوە و یەكتر قەبوڵنەكردن. كاتێك پرسیاری مێدیای ئۆپۆزیسیۆن ئەوە بێت كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چ سیفەتێك بەشداری لە كۆڕبەندی داڤۆسدا كردووە! دەبێ حكومەت لای ئەوان چ بەهایەكی هەبێت؟ بۆیە بڕیاری بوێرانە ئەوەیە كە دان بە واقیعی پارچەبوونی كوردستاندا بنرێت و دوو ئیدارەیی لەسەر بنەمای دوو دراوسێی باش (لە چوارچێوەی هەرێمێكدا) پێڕەو بكرێت و، هەر لایە بەو سەرچاوانەی داهات كە لەبەردەستیانە (یان پێیان دەستەبەر دەكرێت) خەڵكی خۆیان بژیەنن و كەسیش موزایەدە بەسەر ئەوی دیكەدا نەكات".

ئەو نووسینە لە کاتێکدایە کە لەدوای ریفراندۆم و داگیرکردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان و بەتایبەتی کەرکوک بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی یەکێتی لە ١٦ ی ئۆکتۆبەردا، پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی گەیشتۆتە ئاستێکی خراپ و ئەو پەیوەندیەی پارتی لەگەڵ یەکێتی ئێستا لەسەر ئاستی کەسایەتیەکانە نەک حیزب.
 



PM:07:44:06/02/2018