روسیا دەروازە بۆ شەڕڤانان و خەڵک دەکاتەوە بەدەم عفرینەوە بچن

بەبڕیاری رووسیا رێگا بە یەپەگەو خەڵکی رۆژئاوا دەدرێت بەدەم عفرینەوە بچن و رێگا بۆ هەموو جۆرە کۆمەکێک بکرێتەوە کە کوردان پێشکەشی ئەو شارەی دەکەن.

دوای کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە جەنگیە رووسیەکە لە ٣ شوباتی ٢٠١٨ لە پارێزگای ئیدلب کە لەژێر دەستی هاوپەیمانەکانی تورکیادایەو چەند یەکەیەکی سەربازی تورکیش لەو پارێزگایەدا هەیە، رووسیا بەبێ دەنگی و بێ هیچ لێدوانێکی میدیای چەند هەنگاوێکی ناراستەوخۆی دژی حکومەتەکەی ئۆردوغان پەیوەند بەشەڕی عفرینەوە گرتۆتە بەر، لەوانە رێگای لە فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا گرتووە کە بچنە سەر ئاسمانی سوریاو عفرین بۆردومان بکەن، هەروەها دوو رۆژیشە بە هێزەکانی بەشاری ئەسەدی راگەیاندووە کە لەناوچەکانی حەلەبی ژێر دەسەڵاتی بەشارەوە رێگا لە خەڵكی رۆژئاوای کوردستان نەگیرێت پشتگیری لە عفرین بکەن، هەروەها رێگایان بە چەند یەکەیەکی سەربازی شەڕڤانان دراوە کە لەو ناوچانەوە بچنە عفرین بۆ یارمەتیدانی ئەو هێزانەی یەپەگە کە لەعفرین بەرامبەر سووپای تورکیا و هاوپەیمانە ئیسلامییەکانی دەجەنگن.

ئەمڕۆ ٦ ی شوبات ئاژانسی ئانادۆڵ کە ئاژانسی فەرمی تورکیایە بڵاویکردەوە کە هێزێکی یەپەگە بۆ پاڵپشتی هێزەکانی عفرین گەیشتوونەتە ئەو شارە، میدیاکانی رۆژئاواش دوو رۆژە ئەو پاڵپشتیە جەماوەریە پێشان دەدات کە خەڵکی سوریاو بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدەن و دەچنە عفرین و پشتگیری خۆیان بۆ خەڵک و هێزەکانی ئەو شارە دووپات دەکەنەوە.

چاودێران پێیانوایە  دوو رۆژە قۆناغێکی تری شەڕی عفرین نێوان تورکیاو کوردانی رۆژئاوا دەستی پێکردووە کە ئاماژەکان ئەوە پێشاندەدەن کە بەقازانجی کوردو زەرەری تورکیاو هاوپەیمانە ئیسلامیەکانی بشکێتەوە.



PM:10:20:06/02/2018