" پارتی لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی کەرکوک پەشیمان بۆتەوە"

پارتی دیموکراتی کوردستان لەو بڕیارەی پەشیمان بۆتەوە کە بریاری دابوو کە بۆ هەڵبژاردنی عێراق بایکۆتی هەڵبژاردن لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بکات. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند " پارتی دیموکراتی کوردستان لەو بڕیارەی پەشیمان بۆتەوە کە بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەکانی کەرکوک و  ناوچە جێناکۆکەکان بکات، ئێستا دەگەڕێت بەشوێن دەرچەیەکدا تا لەو بڕیارەی پێشووی پەشیمان بێتەوەو بەشداری هەڵبژاردن لەو ناوچانە بکات".

ماڵپەڕی " باسنیوز"ی بلآویکردەوە " گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر هەوڵی دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم یەک لیستیی کوتلە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە کەرکووک دەدەن، بۆ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی کەرکووکدا نەکات، بەو ئامانجەی هەندێک دەنگی زیاتر لە شارەکە بهێنن. هەر لەژێر فشاری ئەوانیش بووە کە هیچ شاندێکی یەکێتی نەچووەتە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 8/2/2018ی نێو بارەگای حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کە دواتر بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیش لە کۆبوونەوەکە کشانەوە".

ئەمڕۆ لەکاتی شکستی کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی حیزبە کوردستانییەکان لە بارەگای حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر کە بەهۆی ئامادەنەبوونی یەکێتی یەوە دواخرا، خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی " پارتی لەگەڵ ئەوەدایە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، کورد بەیەک لیست بەشداری بکەین، یان هەمووان بایکۆتی هەڵبژاردنەکە بکەین".

ئەو لێدوانەی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بەپێی سەرچاوەکەی سپی پاشکشەیە لە بڕیارەکەی پێشوو، پارتی بەشداری هەڵبژاردنەکانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دەکات و بەشوێن دەرچەیەکی سیاسی و یاساییدا دەکات.








PM:10:27:08/02/2018