ئێوارەى ئەمڕۆ پێکدادان لەنێوان ئەنجومەنى سەربازى منبج و چەکدارانى ئۆپەراسیۆنى سوریا کە هاوپەیمانی تورکیان لەسەر هێڵى روبارى ساجور لە باکورى منبج روویدا.
ناوەندى راگەیاندنى ئەنجومەنى سەربازى منبج لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لەپێکدادانەکەدا کە لەسەر هێڵى روبارى ساجور و دەوروبەرى گوندى عون دادات لە باکورى منبج روویداوە، چەکى قورس بەکارهاتووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، شەڕڤانانى ئەنجومەنى سەربازى منبج ئۆتۆمبیلێکى چەکدارانیان تێکشکاندووە کە هەوڵیدەدا پێشڕەوى بکات بەرەو سەنگەرەکانى شەڕڤانان.
ئەو پێکدادانە لەکاتێکدایە، تورکیا بەردەوام هەڕەشەى درێژکردنەوەى ئۆپەراسیۆنەکەى دەکات لە عەفرین بۆ سنورى منبج، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵى هێزەکانى سوریاى دیموکراتدایە و هێزێکى ئەمریکیشى لێ جێگیرە.