لە زاخۆ هێرشدەکرێتە سەر بنکەیەکی سووپای تورکیا

بەیانی ئەمڕۆ ١٣ ی شوبات لە ناوچەی زاخۆ هێرشدەکرێتە سەر قەرەوڵێکی سووپای تورکیا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو دەڤەری زاخۆ بە سپی راگەیاند" بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٨:٤٠ هێرشدەکرێتە سەر قەرەوڵێکی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی تەل بیە لە زاخۆ و لەئەنجامدا دوای شەڕێک، تانکێکی سووپای تورکیا تەقێندراوەتەوەو سوتێنراوەو چەندان سەربازی تورک کوژراون".

دوای ئەو هێرشە فڕۆکەکانی سوپای تورکیا دەگەنە ئاسمانی ناوچەکەو چەند شوێنێک بۆردومان دەکەن، هاوکات هێزاکانی تورکیا لەو دەڤەرە هاتوچۆ قەدەغە دەکەن.

سپی پەیوەندی کرد بە بەرپرسی راگەیاندنی پەکەکە لە دەڤەری بادینان، ئەو روودانی ئەو هێرشەی پشتڕاستکردەوە، بەلآم وتی" تا ئێستا شوناسی ئەو هێزە نازانرێت و پەکەکەش هیچ راگەیاندنێکی لەو بارەیەوە رانگەیاندووە".

ماوەیەکی زۆرە سەرباری هەبوونی زیاتر ١٨ بنکەی هێزەکانی تورکیا لەناو خاکی هەرێم لە دەڤەری ئامێدی و زاخۆ، بەلآم پکەکە شەڕی نەخستۆتە ناو هەرێمی کوردستان و زیاتر هەڵوێستی بەرگری پەیرەوکردووە.  



PM:12:22:13/02/2018