زاخۆ...هەپەگە ژمارەی سەربازە تورکە کوژراوەکانی ئاشکراکرد

هەپەگە بەرپرسیارێتیى هێرشکردنە سەر بنکەى سەربازیى سوپاى تورکیاى لە زاخۆ لە ئەستۆ گرت و ژمارەی ئەو سەربازانەی تورکیای ئاشکراکرد کە لەو هێرشەدا کوژراون.


ئەمڕۆ ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى پاراستنى گەل "هەپەگە" بڵاویکردەوە، هێزى گەریلا ڕۆژى ١٣ى شوباتی ٢٠١٨ لە دژى بنکەى سەربازیى سوپاى تورکیا لە گرێ بیەیى بێگۆڤا لە ناحیەى باتیفاى قەزاى زاخۆ لە پارێزگاى دهۆک چالاکییەکیان ئەنجامداوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، گەریلا لە هەشت قوڵەوە هێرشیان کردووەتە سەر سەنگەر، کۆنتێنەرەکان، شوێنى مانەوەى سەربازەکان لەو بنکە سەربازییەدا، و بەو هۆیەوە ٢ تانک و زرێپۆشێکى جۆرى کیرپیى تەقێنرانەوە و ئاگریش بەردرایە چەندین شوێنى بنکە سەربازییەکە.

هەپەگە ڕاشیگەیاندووە، لەو هێرشە هەشت قۆڵییەى گەریلاکاندا بەلانیکەمەوە ٢٢ سەربازى تورکیا کوژراون و ١٠ سەربازى تریش برینداربوون.

بەپێى ڕاگەیاندراوەکەى هەپەگە، دوابەدواى ئەو هێرشەى گەریلا، فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانى تورکیا دەستیانکردووە بە بۆردومانکردنى ناوچەکانى ژێردەستى گەریلا لە گردی ئۆرتە لە مەتینان، دۆڵى باسیاى ناوچەى ئاڤاشین و ناوچەى شکەفتیاى گارە و تاوەکو ئێستاش ئەو بۆردومانانە بەردەوامیى هەیە.

سوپاى تورکیا نزیکەى ١٩ بنکەى سەربازی و ئاسمانى و هەواڵگریى لە هەرێمى کوردستاندا هەیە و بوونى ئەو بنکە سەربازییانە تاوەکو ئێستا چەندین ناڕەزایەتیى لێکەوتووەتەوە.



PM:06:31:14/02/2018