دوای دەستلەکارکێشانەوەی مەم بورهان قانع بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەری نوێ بۆ ئێن ئاڕتی دیاریکران.
ئەکرەم تۆفیق کە لە ئێستادا پۆستی بەڕێوەبەری ئێن ئاڕتی وەرگرتووە بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "لە ئێستادا ئەو پۆستەم وەرگرتووە و پلام ئەوەیە کە کەناڵەکە زیاتر بەرەوپێش ببەم و لەسەر ڕێچکەی دروشمی هاوسەنگی و بوێری درێژە بە ڕەوتی کاری ئێن ئاڕتی بدەم".
ئەوەشی ئاشکراکرد هێمن مەحمود، بەرپرسی بەرنامەكانی كەناڵی ئێن ئاڕتی و پێشكەشكاری بەرنامەی "هاوڵاتی و دەسەڵات" وەک جێگری بەڕێوەبەری کەناڵەکە دیاریکراوە.
ئەکرەم تۆفیق پێشوتر جێگری بەرپرسی بەشی هەواڵی ئێن ئاڕتی بووە و بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی تەواوکردوە.
هێمن مەحمود لە ساڵی ١٩٨٨ لە سلێمانی لەدایكبووە و دەرچووی بەشی ڕاگەیاندنی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانییە، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١١ وە، وەك ڕۆژنامەنووس لە كەناڵی NRT كاردەكات.
ئا: ئاری فاتیح