ژمارەیەك چەكداری حەشدی شەعبی لەسنوری كەركوك كوژران

سەرچاوەیەك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی ژمارەی ئەو قوربانیانەیان ئاشكراكرد كە لەهێرشەكەی داعش بۆ سەر حەشدی شەعبی لە حەویجە كەوتوونەتەوە.

سەرچاوەكان كە بۆ میدیا عێراقیەكان قسەیانكردووە روونیانكردووەتەوە، هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵ و حەشدی شەعبی لە بەرەبەیاندا هێرشیان كردووەتە سەر گوندی سەعدونیە و دواتر لێی كشاونەتەوە پاش ئەوەی چەند تەرمێكی نوێی چەكدارەكانی حەشدی شەعبییان لەوێ بینیوە، كە بەوەش ژمارەی كوژراوەكانی حەشدی شەعبی بەدەستی داعش گەیشتە ٢١ كوژراو كە زۆرینەیان سەریان بڕدراوە و ٧ ئۆتۆمبیلی سەربازیی حەشد تەقێنراونەتەوە.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، هێزە عێراقییەكان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای چەكدارەكانی داعشدا لە نێو قەزای حەویجە و دەوروبەریدا.

شەوی رابردوو ژمارەیەك چەكداری داعش كەمینبێكیان بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی دانابوو ئەویش بە بڵاوكردنەوەی هەواڵێك كە گوایە بڕێكی زۆر چەكی چەكدارەكانی داعش لە گوندی سەعدونیەی سەر بە ناحیەی ریازی سەر بە حەویجە دۆزراوەتەوە، كە لە كاتی چوونی حەشد بۆ ئەوێ، لێیان هاتوونەتە دەست و ٢١ چەكداری حەشد كوژراون.





AM:10:50:19/02/2018