پارتی دەسەڵاتداری ئەڵمانیا داوای کشانەوەی تورکیا لە عفرین دەکات

وتەبێژی پارتی یەکێتی کریستیانیانی دیموکراتی ئەڵمانیا CDU، کە پارتی ئانگێلا مێرکل، ڕاوێژکاری ئەڵمانیایە، داوای لە تورکیا کرد کە لە عەفرین بکشێتەوە.

یورگەن هارت، وتەبێژی پاتی یەکێتی کریستیانیانی دیموکراتی ئەڵمانیا CDU، لە دیمانەیەکدا بۆ ڕادیۆ دۆیچلەند فونک کە ئەمڕۆ ٢١ ی شوبات باسی لە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرینی کردوە و وتویەتی:"بە بۆچوونی من تورکیا دەبێت هەر چی زووترە ئەو ئۆپەراسیۆنە ڕابگرێت کە لە دژی عەفرین دەستی پێ کردوە و هێزەکانی بگەڕێنێتەوە سەر سنورەکانی خۆی".

هارت وتوشیەتی:" ڕاستە تورکیا لەگەڵ سوریا شەڕی دەست پێ نەکردووە، بەڵام ئەو مەترسییە هەیە تا لەگەڵ سوریاش بکەوێتە شەڕەوە، ئەوەش بۆ تورکیا زۆر مەترسیدارە". لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەیدا ناوبراو داخوازیەکی ئاڕاستەی هاوپەیمانی باکوری ئەتەڵەسی ناتۆش کردوە، کە تورکیاش ئەندامیەتی، لە پای هێرشەکانی بۆ سەر عەفرین لە دژی تورکیا هەڵوێست وەر بگرێت".

حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا کە لە دەستی پارتی یەکێتی کریستیانیانی دیموکراتی ئەڵمانیا CDU دایە و ئەنگێلا مێرکل سەرۆکایەتی دەکات، ماوەیەکی دور و درێژە لەگەڵ تورکیا لە پەیوەندی گەرم و گوڕی سەربازی، ئابوری و سیاسی و هەواڵگری دایە و تانک و چەک و جبەخانەیەکی زۆری ئەڵمانی بە ڕژێمی تورکیا فرۆشتووە.



PM:06:01:21/02/2018