وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی عەفرینەوە ڕوونکردنەوە دەدات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی بوونیان لە عەفرین ڕوونکردنەوە دەدات و ڕایگەیاند، هیچ هێزێکیان لە عەفرین بوونی نییە و بەشدار نین لە چالاکییەکاندا لەو شارە.

هێزەر ناورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ڕایگەیاند، ئەوەی کە لە عەفرین ڕوودەدات سەرنج لەسەر شەڕی دژی داعش لادەبات و لەو بارەیەوە بەردەوام لە گفتوگۆدان لەگەڵ حکومەتی تورکیادا.

ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆی بنیاتنەری لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆک کۆماری تورکیادا ئەنجامداوە و ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە بگەڕێنەوە بۆ شەڕی دژی داعش.

ناوبراو لەبارەی چوونی بەشێک لەو هێزە کوردییانەی کە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی سوریا کاریان لەگەڵ کردوون بۆ عەفرین ڕایگەیاند، پێدەچێت ئەو هێزانە پەیوەندی خێزانییان هەبێت لە عەفرین بۆیە چوون بۆ شارەکە. 

سوپای تورکیا و گروپە چەکدارە هاوکارەکانی لە ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ڕابردوەوە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتونیان بۆسەر کانتۆنی عەفرین دەستپێکردووە، بێئەوەی هیچ پێشڕەوییەکی ئەوتۆ بکەن.



AM:09:35:23/02/2018