بانکی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە نەجمەدین کەریم حساب بانکی لە بانکەکەیان هەبێت

بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی بانکی کوردستانی نێودەوڵەتی لە وەڵامی پەرلەمانی کوردستانی دایەوە و  ڕایگەیاند، نەجمەدین کەریم هیچ حساب بانکییەکی لای ئەوان نییە.

بەستام عبود جەنابی، لە وەڵامی نووسراوێکی پەرلەمانی کوردستاندا کە پێشتر ئاڕاستەی کراوە و داوای بەڵگەی لێکردووە ڕایگەیاند، نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک هیچ حساب بانکییەکی لە لقەکانی سەر بە بانکەکەدا نییە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ جەعفەر ئیمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نووسراوێکی ئاڕاستەی بانکەکە کردووە و تیایدا داوای ڕوونکردنەوە و بەڵگەی لەبارەی حساب بانکیی تایبەت بە نەجمەدین کەریم لێکردووە.

هاوکات هەر دوێنێ پارێزگارى پێشوى کەرکوک وەڵامى عەلى حەمە ساڵحى دایەوە و ڕایگەیاند، هیچ حساب بانکییەکى لە بانکى کوردستان نییە و سکاڵاشى لەسەر تۆماردەکات.

نەجمەدین کەریم ڕایگەیاند، لێدوانەکانى ئەو پەرلەمانتارە دورن لە ڕاستییەوە، وتیشى "هەر چەکێکى پارە ئیمزاکرابێت و مامەڵە لەگەڵ بانکى کوردستان کرابێت بە ئیمزاى پارێزگار و بەرپرسى ژمێریارى پارێزگاى کەرکوک کراوە".

هەروەها وتیشى، "پەرلەمانتار دەبێت لێدوانى ڕاست بدات و چەواشەکاریی نەکات، عەلى حەمە ساڵح لەبرى ئەوەى خزمەت بە دەنگدەرانى بکات و پڕۆژە پێشکەش بکات، پڕوپاگەندە دەکات، بۆیە لە دادگا سکاڵاى لەسەر تۆماردەکەم."

ڕۆژى چوارشەممە لەبەردەم پەرلەمانى کوردستاندا عەلی حەمەساڵح جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ٦٠ ملیۆن دۆلار پارەى پترۆدۆلاری نەوتى کەرکوک لە ساڵى ٢٠١٦ و نیوەى یەکەمى ٢٠١٧ چووەتە سەر حسابی نەجمەدین کەریم لە بانکی کوردستان و دیارنەماوە.



AM:10:09:23/02/2018