چه‌ند مانگێكه رێگای نێوانی مه‌خمور – هه‌ولێر گیراوه، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ-یش رایده‌گه‌یه‌نێت "بڕیاره به‌منزیكانه رێگاكه بكرێته‌وه".
گه‌لاوێژ عه‌لی ئه‌مین، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ رایگه‌یاند "به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی رێگای نێوان (مه‌خمور – هه‌ولێر)، داوایه‌كمان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ كرد، كه له‌گه‌ڵ لایه‌نه ئه‌منییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار له‌هه‌رێمی كورستان قسه بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی به‌زووترین كات ئه‌و رێگایه بكرێته‌وه".
وتیشی "وه‌ڵامى نووسراوه‌كه‌مان وه‌رگرتۆته‌وه، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان قسه‌یان كردووه، بڕیاره به‌زووترین كات رێگاكه بكرێته‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ئێستادا 85%ی خه‌ڵكی مه‌خمور گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و بۆ تووشی ئاسته‌نگی زۆر بوون له‌كاتی هاتوچۆ له‌مه‌خموره‌وه بۆ هه‌ولێرو به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه.
ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ده‌ڵێت "له‌دوای 16ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه، حكومه‌تی هه‌رێم ئیداره‌ی له‌قه‌زای مه‌خمور كشاندۆته‌وه، بۆ رایكردنی مامه‌ڵه‌كانیان هاووڵاتیان سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كه‌ن".