کۆسرەت ڕەسوڵ وەڵامی نامەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی دایەوە

کۆسرەت ڕەسوڵ وەڵامی نامەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی دایەوە و ڕایگەیاند، "نامەکەی زیاتر بۆ بڵاوکردنەوە و کەڵەکەکردنی تۆمەت و پڕوپاگەندەی دەستەگەری و ململانێی نابەجێی ناو یەکێتییە نەک بۆ چارەسەر".

ئەمڕۆ کۆسرەت ڕەسوڵ وەڵامی نامەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی دایەوە و ڕایگەیاند "ئاگاداریت کە بەندە هەمووکات خاوەنی ڕای خۆم بووم تەنانەت لەحزووری مام جەلالیش هەمیشە هەڵوێستی خۆم راشکاوانە دەربڕیوە و هیچ کات سڵم لەهیچ جۆرە پەرچەکردارێکی ئەم و ئەو نەکردووەتەوە".

هەروەها دەشڵێت "لەپاش نەخۆشکەوتنی مامیش زۆرجار گلەیی ئەوەمان لێکراوە کە بڕیارم نەداوە و دەسەڵاتەکانی خۆم بەکارنەهێناوە کە دیارە ئەوە لەبەر خاتری ئەوەبووە کێشەکان لەوەی هەیە زیاتر تەشەنە نەکەن و لێکترازانی زیاتر لەنێوانماندا ڕوونەدات".

لەنامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە "سەرباری سیاسەتە چەوتەکان ئێمە وەک هەمیشە و بەهەموو توانامانەوە پێداگری سەرسەختانە لە پێناوی پاراستنی تەبایی و یەکڕیزی ناو هەڤاڵان و هەڵنەوەرینی ڕیزەکان و بوژانەوەی یەکێتی دەکەین".

هەروەها دەشڵێت "حەز دەکەم ئەوەش بڵێم کە من زۆر باش لە ئەمانەتی مێژوویی سەرشانم تیدەگەم کە ئەمانەتی خوێنی دەیان هەزار تێکۆشەری گەلەکەمان و گیان بەختکردووی ڕێگای کوردایەتییە، هەر ئەوەش پاڵنەری سەرەکییمان بووە لە وێستگە هەستیارەکانی ژیانی ڕێکخراوەیماندا لە ئاست سیاسەتە چەوتەکان بێدەنگیمان هەڵبژاردووە و تەحەمولی لە ڕادەبەرمان هەبووە".

لە کۆتایشدا کۆسرەت ڕەسول دەڵێت "من لەگەڵ بەستنی کۆنگرەم لەنزیکترین دەرفەتدا لەگەڵ دەربڕینی ڕاوسەرنجی تایبەتی خۆم کە ئایا چ کۆنگرەیەک ببەستین، کۆنگرەیەک کە زامنی پارێزەری ڕیزەکانی یەکێتی بێت نەک بە پێچەوانەکەی، و دەرەنجامەکەی بەرەو حیزبی بنەماڵەیی نەبات بەنزیکەکانی خۆشمەوە، بە ڕاستی یەکێتی بکاتەوە بە حزبی شەهیدان و کۆنگرەیەک کە یەکێتی بکاتەوە بە یەکێتییەکەی هەمووان نەک یەکێتییەکی قۆرخکراو لەلایەن دەستەو تاقمێکی دیاریکراوەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نامەیەکی ئاڕاستەی کۆسرەت ڕەسوڵ کرد و تیایدا هاتووە "من بۆ دواجار وەک خوشکێک داوات لێدەکەم کە بەزووترین کات ئەو کۆبوونەوەیە سازبکەیت بۆ ئەوەی جەماوەری یەکێتی لەم دڵە راوکێ و چاوەروانییە نەجاتی بێت، ئەوەش بەتەنها داوا کاری من نییە".

ناوبراو دەڵێت " ئەگەر کۆبوونەوە نەکرێت و وادەیەک بۆ کۆنگرە دانەنرێت رووبەرووی بەرپرسیارێتی مێژووی دەبیتەوە".



PM:07:32:24/02/2018