سپی زانیاری نوێ لەسەر ناکۆکیەکانی نێو یەکێتی بلآودەکاتەوە

ناکۆکیەکانی نێو یەکێتی لەم هەفتەیەدا جۆرێک لە هەڵکشانی تری بەخۆوە دی کەهێندەی تر ماڵباتی تاڵەبانی و ماڵباتی کۆسرەت رەسوڵی لەیەک جیاتر کردەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی ماوەیەک قوباد تاڵەبانی دەستی بە هەوڵێک کردووە کە باڵە ناکۆکەکانی یەکێتی، هێرۆ و بەرهەم و کۆسرەت بگەیەننە یەکتری و تەوافق لەسەر پر پرسی نێوانیان بکەن، بەلآم دەرکردنی دوو راگەیاندن لەلایەن هێرۆ ئیبراهیم و کۆسرەت رەسوڵەوە لەسەر یەکتر ئەو هەولآنەی پەکخست.

بەپێی ئەو زانیاریانە، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە رێگای قاسمی سلێمانی یەوە پاڵپشتی ئەو هەولآنەی قوباد تاڵەبانیاان کردووە، ئەو هەولآنەش لەسەر ئەو بنەمایە رێکخراوە کە بەرهەم ساڵح بەگەڕێنرێتەوە نێو یەکێتی و نێوانی ئەو هێرۆ ئیبراهیم و کۆسرەت رەسوڵ رێکبخرێت، بۆ ئەو بەپرسەش جگە لەهەوڵەکانی قوباد تاڵەبانی، دوو هەفتە لەمەوبەر وەفدێکی کۆماری ئیسلامی ئێران کە پێکهاتبوون لە دانای فەڕ باڵوێزی پێشووی ئێران لە عێراق و مزگریان جێگری فەرماندەی قەرارگای قودس سەردانی هەرێمیان کردو لە سلێمانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح دا سەردانی ماڵی تاڵەبانیان کردو لەوێ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی و لاهوری شێخ جەنگی کۆبوونەتەوە.

ئەم هەولآنەی قوباد تاڵەبانی لەدوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت دەستپێدەکات کە لە ٢١ ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا سەردانی تارانیان کردو، جگە لە کۆبوونەوەی وەفدەکە لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، قاسمی سلێمانی فەرماندەی قەرارگای قودس بەجیا لەگەڵ هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەو هەولآنە نەگەیشتۆتە ئەو ئامانجەی کە بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری بگەڕێتەوە نێو یەکێتی.

قوڵبوونەوەی ناکۆکی نێوان هێرۆ ئیبراهیم و کۆسرەت رەسوڵیش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ یارمەتیدانەی کۆسرەت رەسوڵ لە رێگای کوڕەکانیەوە لە هەولێر پێشکەشی قەوارەکەی بەرهەم ساڵحیان کردووە لە دانانی کاندیدەکانی قەوارەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دامەزراندنی حیزبەکەی.

بەپێی زانیارییەکان جگە لەم فاکتەرە،  پرسی رێکنەکەوتن و تەوافق لەسەر پێکهاتەی ئایندەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی، یەکێکە لە کێشە سەرەکیەکانی نێوان کۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم.

هەندێ سەرچاوەی نافەرمیش کە تا ئێستا پشتڕاستەنکراوەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە نووسینی ئەو نامەیە لەلایەن هێرۆ ئیبراهیمەوە لەسەر کۆسرەت رەسوڵ بەڕاو هاندانی چوار دەورەکەی بووە لەبنەماڵەی هێرۆ ئیبراهیم خۆی و تاڵەبانی، هەروەک وەلآمە توندەکەی کۆسرەت رەسوڵیش بەشێکی لەژێر کاریگەری چواردەورەکەیدا بووە. 

بەپێی زانیارییەکانی سپی، یەکێک لە ناکۆکیەکانی تر، لەسەر پرسی بەستنی کۆنگرە، یان پلنیۆمە کە ئەو کوتلەیەی بە کوتلەی لاهوری شێخ جەنگی ناسراون و شۆڕدەبنەوە بۆ ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی زیاتر جەخت لەسەر بەستنی پلنیوم دەکەنەوە.

یەکێتی لەم هەلومەجە حیزبی و رەوشەی هەڵبژاردندا بەقەیرانێکی قورسدا تێپەڕدەبێت، چاودێران پێیانوایە ئەگەر ئەو باڵە جیاجیانەی یەکێتی تەوافق نەکەن، ئەگەری بەتەواوی لاوازبوون و دووکەرتبوونی تر لەو حیزبە ئەگەرێکی والآیە. 



PM:11:57:25/02/2018