پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسای چاکسازی لە خانشینی و موچە و دەرماڵەی پەسەند کرد

کەمێک لەمەوبەر پەرلەمانی کوردستان  تەواوی بڕگە و مادەکانی پرۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچەی پەسەند کرد کە ماوەی چەند ڕۆژێک بوو گفتوگۆی لەسەر دەکرا.

جەعفەر ئیمنیکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی هەواڵیدا ڕایگەیاند، پرۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی موچە و دەرماڵەی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، تێکڕای فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان بەڕۆحیکی نیشتیمانپەروەرانەوە پرۆژە یاساکەیان پەسەندکردووە، بۆ ئەوەی کۆتایی بهێنرێت بەو کێشانەی کە ڕووی لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردووە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لەم پرۆژە یاسایەدا رەچاوی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ژیانی هاووڵاتیان کراوە، بە تایبەت کە پێشتر لە دەرماڵە و دامەزراندن و چەند بابەتێکی تر وەک پێویست رەچاو نەکراوە.

پاشان هەر لە کۆنفڕانسە هەواڵییەکەدا ڕێباز حەملان وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پاشان وتووێژێکی چڕوپڕ لەسەر پرۆژە یاساکەدا کە ماوەی دوو هەفتە درێژە هەبووە و ئامانج لێی نەهێشتی نادادییە لە موچە و دەرماڵە و پلەو بەرزکردنەوەکان و خانەنشیینەکان، کە بە پلەی جیاجیا خانەنشنیکراون.

وتیشی "ئەوانەی موچەی نایاساییان بۆ بڕدراوەتە وە موچەکانیان دەبڕدرێت و ئەوانەش کە پلەکانیان بە بێ شایستەیی بەرزکراوەتەوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ ئەو پلە وەزیفیەی کە موستەخەقیەتی".

ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ناوەرۆکی گرنگی تایبەت دراوە بە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێداگری کراوە لە پێداچوونەوە بە موچەی شەهیدانی موستەحەق، بۆ ئەوەی تێکەڵ نەکرێت لەگەڵ کەسانێک کە شەهید نەبوون.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد بایەخی تایبەت دراوە بە خاوەنپێداویستی تایبەت، کۆی پەرلەمانتاران جەختیانکردەوە لە پاراستن و رەچاوکردنی مافەکانیان.

هاوکات، بێگەرد تاڵەبانى سکرتێرى پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، حکومەت و پەرلەمان بڕیارێکى بوێرانەیاندا بۆ پێداچونەوە بە نادپەروەرییەکان.

دواتر دادوەر ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆژە یاساکە هەنگاوێکی گرنگە و پرۆسەی چاکسازی سەرەتای هەیە و کۆتایی نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەزگا چاودێرییەکانی وەک پەرلەمان و دەستەی چاودێری دارایی ڕاسپێردراون کە چاودێری جێبەجێکردنی یاساکە بکەن، چونکە ئیتر هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەیە کە چۆن پرۆژە یاساکە جێبەجێ دەکرێت.

کۆبوونەوەکە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی دەستی پێکردو و لیژنەى وەزارەتى پێشمەرگەش لە دانیشتنەکەدا ئامادە بوو بۆ گفتوگۆ لەسەر خانەنشینى پیشمەرگە و ئاسایش و هێزەکانى ناوخۆ.

دوێنێ پەرلەمانى کوردستان بە دەنگى ٥٢ پەرلەمانتار کەمترین مووچەى خانەنشینى بە ٣٠٠ هەزار دینار جێگیرکرد، ئەو پێشنیازەش کە داوایکردبوو کەمترین مووچە بە ٤٠٠ هەزار دینار جێگیربکرێت، تەنیا ٣٧ دەنگى بەدەستهێنا.



PM:10:52:27/02/2018