ئاوات بۆکانی ڕونکردنەوە لەسەر گرتە ڤیدیۆییە نیمچە ڕووتەکەی بڵاودەکاتەوە

ئاوات بۆکانی ڕوونکردنەوەیەك لەسەر بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەكی خۆی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، "ناحه‌زان و نه‌یاران بزانن ئه‌م خاڵە لاوەکی و ناگرینگانە کۆست ناخاتە له بەردەوام بوونمان لە مه‌یدانی هونه‌ر".

ئاوات بۆکانی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕوونکردنەوەیەكی بڵاوکردەوە سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆیەی لە ماوەی ڕابردوودا بڵاوبوویەوە کە تیایدا ئاوات بۆکانی بە شێوازێکی نیمچە ڕووت دەرکەوتووە، لە ڕوونکردنەوەکەدا دەڵێت"دوای بڵاوبوونەوەی گرته ڤیدیۆیەک کە بە داخەوە بە بێ زانیاری من لە مۆبایلەکەم ھەڵگیرابوو بە پێویستم زانی ڕوونکردنەوەیەک بدەم".

ئاماژەی بەوەداوە، سەرەتا ئەوەی ھەبوونی ئەو جۆرە گرتە ڤیدیۆیانە لە ناو مۆبایلەکانماندا و لە ژیانی تاکەکەسیماندا ئاساییە و شتێکی سەیر و سەمەرە نییە. لە ڕۆژدا ھەموومان دەچینە بەر ئاوێنە یان بە مۆبایلەکەمان وێنەی خۆمان دەگرین کە تەنیا بۆ بینینی خۆمانە و تایبەتە بە ژیانی خۆمان و کردەوەیەکی دژە ئەخلاقی نییە لە ڕاستیدا دژە ئەخلاق ئەوەیە کە دەستدرێژی بکاتە سەر ژیانی تاکەکسیمان و دزینی ئەو گرتە و ڤیدیۆیانەی تایبەتن بە خۆمان و ھەڵیان بگرێت و بڵاویان بکاتەوە.

ڕاشیگەیاندووە "ئێمەی کورد دایمە سەرنجمان خستۆتە سەر خاڵە لاوازەکان بۆ شکاندنی یەکتر و گرینگیمان بە خاڵە بەھێزەکانی ژیانی یەکتر نەداوە، داییم ویستوومانە کەسانێک کە خۆیان پێگەیاندووە و تێکۆشانیان بووە و گەیشتوونە لووتکە بە شێوازی جۆراوجۆر بیانشکێنین، ئەم کردەوانە ھیچ خزمەتێک بە کۆمەڵگا و بە تایبەت بنەماڵەی ھونەری کوردستان ناکات".

لە ڕوونکردنەوەکەدا ئەوەش دەڵێت،‌ "له کۆتاییدا ناحه‌زان و نه‌یاران بزانن ئه‌م خاڵە لاوەکی و ناگرینگانە کۆست ناخاتە له بەردەوام بوونمان لە مه‌یدانی هونه‌ر. ڕیز و خۆشەویستیم ھەیە بۆ ھەموولایەک و چاوتان ماج دەکەم".



PM:11:57:27/02/2018