پەرلەمانی عێراق بەبێ کورد دەستیکردەوە بە پەسەندکردنی بڕگەکانی بووجە

سەرباری کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق کە رۆژی ٥ شەممە بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ جارێکی تر پەرلەمانی عێراق دەستیکردەوە بە گفتوگۆ لەسەر پرۆژەی یاسای بودجەو پەسەندکردنی بڕگەکانی، بەبێ بەشداری کورد.

جارێکی تر لایەنە شیعی و سونەکانی پەرلەمانی عێراق توانیان رێژەی یاسایی پەرلەمانی عێراق تەواوبکەن و و ئێستا پڕۆژە بوودجە یاسای 2018-ی عێراق بڕگە بەبڕگەی گفتوگۆ و بڕیاری لەسەر دەدرێت .

تا ئێستا ٥ بڕگەی پرۆژە یاساکە بڕیاری لەسەر دراوە.

پێش کۆبوونەوەکەی پەرلەمان لەسەر راسپاردەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کە رۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوە و لیژنەی دارایی پەرلەمانیان بۆ چارەسەری کێشەی بودجە راسپاردبوو ، ئەمڕۆ ئەندامانی کورد لە لیژنەی دارایی لەگەڵ ئەندامانی عەرەبی لیژنەکە کۆبوونەوە کە لێدوانی جیاواز لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکە هەیە.

ئەوە لەکاتێکدایە هەموو کۆبوونەوەکانی پێشوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا، نەگەیشتۆتە هیچ ئەنجامێک و تەنها عەبادی بڕیاری داوە یەک ملیار و سەد ملیۆن دینار زیاد بکات بۆ بوودجەی هەرێم، بەڵام هەرێم رەتیکردۆتەوە. 



PM:01:23:03/03/2018