شەڕڤانان ژمارەیەک سەربازی هێزە تایبەتەکەی تورکیایان کوشت

شەڕوپێكدادان لە عەفرین درێژەی هەیە و شەڕڤانانیش چەند سەربازێکیان لە هێزە تایبەتەكانی توركیا کوشت.

سەرچاوەكانی هەواڵی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردەوە كە ئەمشەو شەڕوپێكدادانی دژوار لە گوندەكانی "بافلونی و جەما"ی سەر بە ناحیەی شەرا و بەعدینای سەر بە ناحیەی ماباتا، هەروەها ناوەندی ناحیەی راجۆ دەستیپێكردووە.

شەڕڤانان بەتوندی بەرپەرچی پەلامارەكانی سوپای توركیا و چەكدارە هاوپەیمانەکانیان دەدەنەوە كە ماوەی 43 رۆژ هەوڵی داگیركردنی عەفرین دەدەن.

هاوكات لەگەڵ ئەو شەڕوپێكدادانەدا، شەڕڤانانی یەپەگە لە گوندی موسكای ناحیەی راجۆ، چالاكییەكی تایبەتیان ئەنجامدا و بەپێی زانیارییە سەرەتییەكان 9 ئەندامی هێزە تایبەتەكانی توركیا كوژراون.

كوژرانی ئەو ئەندامانەی هێزە تایبەتەكانی توركیا لەكاتێكدایە كە هێشتا ماتەمی توركیا بۆ ئەندامەكانی دیكەی ئەو هێزانە كۆتایی نەهاتووە كە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا لەلایەن شەڕڤانانەوە كوژران.



PM:11:38:03/03/2018