فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای خانەنشینی پەشیمان بوونەوە

زۆرینەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای خانەنشینی پەشیمان بوونەوە و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش دەڵێت "دەیگەڕێنینەوە بۆ پەرلەمان".

ئەمڕۆ 4ی‌ 3ی‌ 2018 نۆ فراكسیۆنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان كۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیان ئەنجامداو داوای‌ گەڕاندنەوەی‌ یاساكە دەكەن.

لەو كۆنگرەیەدا ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ نۆ فراكسیۆن بەڕەسمی دەچینە لای سەرۆكی پەرلەمان و داوای گەڕانەوەی یاسای چاكسازی دەكەین بۆئەوەی گۆڕانكاری لەمادەی سێ‌ بكرێت كە تایبەتە بەخانەنشینی پلە باڵاكان".

هەر لەو كۆنگرەیەدا ڕێواس فایەق پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، "ئەو یاسایەی پەسەندكراوە بەشێكی زۆر لەهەڵەو كەموكوڕیەكان چارەسەردەكات كە لەپرۆسەی حوكمڕانیدا كراوە، بۆیە دەستبەرداری نابین و ئەو مادەیەش كە ئەو بۆچونە جیاوازانەی لەسەر دروستبوە دەیگەڕێنینەوەو گۆڕانكاری تێدادەكەین".

هاوكات كەمێك لەمەوبەر جەعفەر ئیمنكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند، واژۆ لەسەر یاسای  چاكسازی لە خانەنشینی موچە ناكەین و دەیگەڕێنینەوە پەرلەمان .

جەعفەر ئیمنكی ڕاشیگەیاند، تێبینی لەسەر چەند برگەیەك لە یاساكە هەیە و بۆیە جارێكی تردەیگەڕێنینەوە ناو پەرمان و هەمواری دەكەینەوە.

ئەوەش دوای ئەوەدێت كە پرۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و دەرماڵە بە 68 دەنگ پەسەند كراوە و هیچ ئەندام پەرلەمانێك دژ نەبووە، پەسەندكردنی ئەم پڕۆژە یاسایەش كاردانەوەی هاوڵاتیان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لێكەوتەوە.



 



PM:12:54:04/03/2018