وەزیرى دەرەوەى سوید: ئاگربەست عەفرینیش دەگرێتەوە

وەزیری دەرەوەی سوید ڕایگەیاند، بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە سوریا، بۆ سەرتاسەری خاکی سوریایە و عەفرینیش دەگرێتەوە.

لە پەرلەمانی سوید چەند پەرلەمانتارێک لە بارەی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین پرسیاریان ئاراستەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کرد و دوایان لێکرد حکومەتی سوید بۆ وەستاندنی ئەو هێرشە هەڵوێستیکی کارا بنوینێت و بکەوێتە هەوڵدانەوە.

ئەو پەرلەمانتارانە باسیان لەوە کردبوو، کە سوپای تورکیا لە دژی هاوڵاتیان چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت.

مارگۆت واڵسترۆم، وەزیرى دەرەوەى سوید لە وەڵامی پرسیاری ئەو پەرلەمانتارانەدا وتی "بە قوڵتربوونەوەی شەڕی ناوخۆی سوریا دۆخەکە ئاڵۆزتربووە و گەیشتن بە چارەسەرییەکی سیاسی ئەستەمتر بووە".

هەروەها وتیشی "بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەستی سوریا هەموو خاکی سوریا، واتە عەفرینیش دەگرێتەوە، حکومەتی سوید ئەوە بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕادەگەیەنێت".

لە بارەی بەکارهێنانى چەکی کیمیایی لە شەڕی عەفریندا ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد "دەبێت لەو بارەوەیە لێکۆڵینەوە ئەنجام بدرێت و ئەوە بابەتێکی زۆر جدییە".

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان بڕیاری ژماره‌ ٢٤٠١ی بۆ ئاگربه‌ست له‌ سووریا په‌سه‌ند كردووه‌، به‌ڵام سوپای توركیا به‌رده‌وامه‌ له‌ هێرشکردنە سەر عه‌فرین، چەندان دەوڵەتیش داوایان لە تورکیا کردووە پابەندى ئاگربەست بێت، بەڵام هەتا ئێستا سورە لەسەر لەشکرکێشى.



PM:02:24:08/03/2018