دارایی بڕیارێکی لەبارەی دەرماڵەی ھاندانەوە دەرکرد

ئەنجومەنی وەزیرانی رەزامەندی دەربڕی لەسەر خەرجكردنی رێژەی (10%)ی داهاتی كرێی كارەبا بۆ هاندانی ژمێركاران و وەزارەتی داراییش دەڵێت "نابێت بڕی هاندانەكە لە 300 هەزار دینار زیاتر بێت".

بەگوێرەی رێنمایی ژمارە (4)ی ساڵی 2018 كە لەرۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوكراوەتەوە و لە چوارچێوەی بڕیارێکدا کە ڕێباز حەملان وەزیری دارایی ئیمزای لەسەر کردووە "رێژەی (10%)ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی كارەبا لەپارێزگاكان بۆ مەبەستی چارەسەركردن و چاككردنەوەی تۆڕەكانی كارەباو هاندانی ژمێركاران و ستافی فرۆشتنی وزە لەچوارچێوەی یاساو رێنماییە كارپێكراوەكان، خەرجدەكرێت".

بەگوێرەی رێنماییەكە، رێژەی (2%) لەچوارچێوەی رێژەی (10%)ی داهاتەكە بۆ هاندانی ژمێركاران و ستافی فرۆشتنی وزە بۆ هەر بەڕێوەبەرایەتییەكی دابەشكردنی كارەبا خەرجدەكرێت.

لەڕێنماییەكەدا هاتووە، "دەرماڵەی هاندان بۆ ژمێركاران (100 بۆ 150) هەزار دینار دەبێت، كە ئەویش بەپێی خوێندنەوەی رێژەكان لەهەر دەورەیەكدا خەرجدەكرێت".

وەزارەتی دارایی مەرجی ئەوەشی داناوە، كە نابێت دوو دەرماڵەی هاندان پێكەوە بۆ هەمان كەس خەرج بكرێت و بڕەكەشی بۆ هەر دەورەیەك لە (300) هەزار دینار زیاتر نەبێت.



PM:11:04:10/03/2018