کەناڵی سپێدە کە زمانحاڵی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە ئەمڕۆ ١٥ ئازار دەست بە پەخشکردن دەکاتەوە.
عەبدولكەریم ئەحمەد بەرێوەبەری گشتی كەناڵی ئاسمانی سپێدە، بەماڵپەڕی كەناڵەكەی رایگەیاند" ماوەی كەمتر لە سێ مانگە پەخشمان راوەستاوەو لەم ماوەیەدا وەك دەستەی كارگێری كەناڵ لە خۆ ئامادەكردن دا بوین بۆ ئەوەی سەرلە نوێ و بە شیوازێكی جیاواز و بە گوڕو تینێكی ترەوە بگەڕێینەوە بۆ لای بینەرانی ئازیزی كەناڵەكەمان".
هەروەها وتیشی " سپێدە پشت بەخوا دەبێتەوە ئەو مینبەرەی كە هەمیشە داكۆكیكار بووە لە ماف و ئازادیەكانی خەڵك و ئەو بڵندگۆ هەق بیژە بووە كە لە لایەكەوە میدیای گەیاندنی راستی و میدیای خێزان و كۆكەرەوەی هەردوو چەمكی رەسەنایەتی و پاراستنی شیرازەی كۆمەڵگا و نویگەری بووە".
سەبارەت بە سیستمی نویی كەناڵ بەڕێوەبەری گشتی كەناڵی سپێدە رایگەیاند " بە سیستمی ئیچ دی پەخشی كەناڵەكەیان دەكرێتەوە و ئەم ماوەیە كە كەناڵ راگیرا بوو بەهۆی قەیرانی داراییەوە و بۆ ریكخستنەوەی میلاك و لایەنی كارگێڕی كەناڵ گرێبەستی كارمەندانیان هەڵوەشاندەوە كە هەر خۆی لە رووی كارگێڕیەو و بەپێی ئەو گریبەستەی كە لەگەڵ كارمەندانیدا هەیبوو لە 1/1/2018 ەوە گریبەستەكەیان كۆتایی پی هاتبوو".
هەروەها سەبارەت بە كارمەندانی نوێ ئاماژەی بەوەكرد: لە گریبەستی نوێ دا رەچاوی كارمەندانی پێشتر كراوەو تا ئەو ڕادەی كە كەناڵ توانای هەبێت گریبەست نوێ كراوەتەوە و بەدڵنیایەوە هەموو ئەو توانایانەی لەكەناڵدا هەبوون پێشتر جارێكی تر و بە روحێكی نوێوە سودیان لێ دەبینرێت و لێرەشەوە رایدەگەیەنم كە بە پشتیوانی خوا، بینەرانی سپێدە كە لەم ماوەی دابڕانەدا بە بەردەوامی لە پەیوەندیدا بوون چاویان بە گۆرانكارییەكانی سپێدە گەش دەبێتەوە .
كەناڵەكە لەسەر پەخشی نایلیسات بە فریكوێنسی 12521 v كاتژمێر هەشتی ئەمشەو دەست پێدەكاتەوە.