ئەڵمانیا لەکاتی هێرشی سەر عفریندا چەکی داوە بە تورکیا

پەرلەمانتارێکی لیستی سەوزی ئەڵمانیا ئاشکرای دەکات کە لەکاتی هێرشی سەر عفریندا ئەڵمانیا چەکی هەناردەی تورکیا کردووە.
 
ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی و جیهانی بڵاویانكردەوە حكومەتی ئەڵمانیا لەبەردم رای گشتیدا درۆیكردوەو لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشەكانی سەر عەفریندا چەكی هەناردەی توركیا كردوە.

 ئاشكرا بوونی ئەو راستیەش دوای ئەوە هات كە ئومێد نوریبو پەرلەمانتار لەسەر لیستی سەوزەكان وروژاندنی و وەزارەتی ئابوری  ئەڵمانیش پشتڕاستیكردەوە، ئەوان رەزامەندیان پیشانداوە ئەو چەكانە هەناردەی توركیا بكرێت وەك وڵاتێكی ئەندامی ناتۆ، ئەم هەناردەیە كاتێك كراوە كە هێرشی سەر عەفرین دەستیپێكردوە.

 وەزارەتی ئابوری رونیشیكردۆتەوە وەزارەتەكەیان متمانەی كردۆتە سەر 20 گرێبەست لەماوەی پێنج هەفتەی دەستپێكردنی هێرشی چڵە زەیتونی توركیادا بۆ سەر یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد لەعەفرین.

 لەوبارەیەوە ئاژانسەكان باس لەوە دەکات ئەڵمانیا چەكی هەناردەكردوە، لەكاتێكدا بەر لەهێرشی سەر عەفرین ئەڵمانیا رایگەیاندبوو، بەرلین رێگە بەهەناردەكردنی چەك بۆ توركیا نادات، بەڵام لەسەر داوایەكی حزبی سەوزەكان لەپەرلەمانی ئەڵمانیا ئەوە  ئاشكرابوو كە هاوكات لەگەڵ هێرشی سەر عەفریندا بەرلین رێگەی بەهەناردەكردنی چەك داوە بۆ توركیا.

 ئەمە لەكتێكدا كەقەبارەی هەناردەكردنی چەكی ئەڵمانی بۆ توركیا لەهەمان مانگی ساڵی رابردودا گەیشتۆتە 3.6 ملیار یۆرۆ.

زیگمار گابریلی وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەڵمانیاش لە 16 شوباتی رابردودا بەكەناڵی(ARD)ی ئەڵمانی راگەیاند كە هاوكات بوو لەگەڵ  ئازادكردنی یوسیل دینیزی رۆژنامەنوسداو وتی: هەناردەی چەك بۆ توركیا رادەوەستێ بەهۆی روبەڕوبونەوەو هێرش بۆ سەر باكوری سوریا.

 وتیشی: ناردنی چەك لەحاڵەتی وادا قەدەغەكراوە لەلایەن ئەڵمانیاوە تەنانەت ئەگەر ئەو وڵاتە ئەندامی ناتۆش بێت.

سەبارەت بەڕێگەدان بەهەناردەكردنی چەك بۆ توركیا رۆژی سێشەمەی ڕابردو بریكاری وەزیری ئابوری ئەلمَانیا، ماتیاس ماشینگ، لەنامەیەكدا بۆ پەرلەمان رونیكردۆتەوە حكومەتی ئەڵمانیا فەرمانی هەناردەكردنی چەكی بۆ توركیا دەركردوە ئەمە لەكاتێكدا كە هێرشەكانی سەر عەفرین دەەستیپێكردبوو، هۆكاری ئەو ِەزامەندیەی گەڕاندبوەوە بۆ ئەوەی كە ئەو رێگەپێدانە پەیوەندی بەهاوكاریە نێودەوڵەتیەكانەوە هەیەو ئەڵمانیا لەبەردەم یەكێتی ئەوروپاو ناتۆدا پابەندە وەك حاڵەتێك لەبەرگری لەهاوپەیمانی ناتۆ.



PM:11:24:15/03/2018