لەعفرین شەڕ دژوارە، سوپای تورک: لە رۆژئاوای شارەکەوە چووینەتە ژوورەوە.. یەپەگە بەدرۆی دەخاتەوە

شەڕ لە عفرین زۆر دژوارە، ئەمشەو سووپای تورکیا رایگەیاند لە بەرەی رۆژئاواوە چوونەتە نێو شارەکەوە، بەپێچەوانەوە وتەبێژی یەپەگە رەتیدەکاتەوە، هێزەکانی تورکیاو هاوپەیمانە ئیسلامییەکانیان چووبوونە نێو شارەکەوە، ئەمە لەکاتێکدایە لەمشەوەوە سووپای تورکی هەموو شارەکە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردومان دەکات. 

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە لە بەرەی رۆژئاوای شاری عفرین و بەرەی رۆژهەڵاتییەوە هێزەکانیان چوونەتە نێو سنوری شارەوانی عفرینەوە، ئەمە لەکاتێکدایە یەپەگە ئەمشەو رایگەیاند تۆپخانە و فڕۆکەکانی تورکیا هەموو شوێنێکی شارەکە بۆردومان دەکەن لە کاتێکدایە بە دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی لەو شارەکەدایە.

بروسک حەسەکە وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل رایگەیاند" هێرشی زەمینی و ئاسمانییی تورکیا و هاوپەیمانەکانی لە داعش و قاعیدە بەردەوامە لەسەر عفرین، لەم ساتەدا سووپای تورکیا هەموو جێگایەکی عفرین بۆردومان دەکات لە کاتێکدا بەدەیان هەزار هاوڵاتی رووبەرووی مەترسی گەورەبوونەتەوەو رووبەرووی قەسابخانەیەکی مەترسیدار بوونەتەوە".

بروسک حەسەکە دەڵێت" لەم ساتەدا سووپای تورکیا بەهەموو شێوەیەک دەیەوێت بێتە نێو شاری عفرینەوە، یەپەگە و یەپەژەش بەتوندی بەرپەرچیان دەدەنەوە".

 




AM:01:18:18/03/2018