شەڕ لە عفرین دژوارە، سوپای تورکیا چوونەتە نێو دوو گەڕەکەوە
یەپەگە: دەیان کوژراوی دیلی تورکیا هەیە

لە بەرەکانی شەڕ لەناو شاری عفرین بەتایبەتی لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و مەحمودیەی بەقورسی درێژەی هەیە،  سووپای تورکیا بەهەموو هێزیەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هێرشدەکات، یەپەگەش دەڵێت " وێڕای کوژران و برینداربوونی دەیان سەرباز و چەتەی تورکیا، ژمارەیەکیشیان بەدیل گیراون".

فراتنیوز بڵاویکردەوە بەرەبەیانی "ئەمڕۆ یەک شەممە ۱٨ـ۰۳ـ۲۰۱٨، لە بەرەکانی شەڕی نزیک لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و مەحمودیەی شاری عەفرین، لە شەڕی زۆر سەخت و دژواردا،  شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە ڕووبەڕوو هێزەکانی تورکیای داگیرکەر و تاقمە چەتەکانی بوونەتەوە".

بەگوێرەی زانیاری پەیامنێری ئاژانسەکە لە عەفرین، لە شەڕەکاندا، شەڕڤانان گورزی زۆر قورسیان لە هێزەکانی دوژمن داوە و وێڕای کوژران و برینداربوونی دەیان ئەندامی تیمی تایبەت و سەرباز و چەتەی تورکیا، ژمارەیەکیشیان بەدیل کەوتوونەتە دەستی شەڕڤانان.

پەیامنێرەکەی ئەو ئاژانسە ئاشکرای کردووە، "لە کاتی شەڕەکاندا، دوژمن بەفڕۆکە و تۆپخانە و تانک بۆردومانی خەستی ئەشرەفیە و مەحمودیە بەتایبەتی و عەفرینی بەگشتی کردوە. تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە شەڕ و بۆردومان بە قورسی لەو دوو بەرەیە بەردەوامن".
شەوی ڕابردووش لەو دوو بەرەیە، بەهەمان شێوە شەڕڤان گورزی زۆر قورسیان لە هێزە داگیرکەکان دابوو و کوژران و برینداربوونی دەیان ئەندامی تیمی تایبەت و سەرباز و چەتەی تورکیای لێ کەوتبوویەوە.

ئەمەو مەدیاکانی تورکیا هەواڵی مردنی فەرماندەی گشتی هێزە زەمینیەکانی تورکیا، جەنەراڵ متحەت تونجایان بڵاوکردبوویەوە، کە لە شەڕەکانی ۱٥ـ۰۳ـ۲۰۱٨دا، لە عەفرین بریندار ببوو.



AM:09:35:18/03/2018