مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لە ناوخۆدا هەندێ لایەن كە زۆر پەرۆشی ڕیفراندۆم بوون دواتر خۆیان لە بەرپرسیارێتی و ئەنجام و لێكەوتەكانی بێبەری كرد.

بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی كوردی و جەژنی نەورۆز مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، نەورۆز هەمیشە بۆ گەلی كوردستان مانای ئازادیخوازی و دەستپێكی نوێ دەدات، خەباتی گەلی كوردستان لەپێناو ئازادیدا بابەتێكی تازە نییە، لە دێر زەمانەوە هەیە و ئێستایش هەر بەردەوامە.

هەر لە پەیامەکەشیدا مەسعود بارزانی باس لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەکات و دەڵێت، بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم چەندینجار ئەوەمان دووپاتكردووەتەوە كە ئامانج، ئاشتی و نەهێشتنی ڕیشەیی گرفتەكانە و دەمانەوێت بە ئاشتی هەموو شتێك چارەسەربكرێت.

ئاماژە بە ئەوەش دەکات، لایەنە عێراقییەكان لە بەرانبەر ئەو مافە ڕەوایەی گەلی كوردستاندا سەرەتا زۆر كراوەبوون و تێگەیشتنیان بۆ ئامانجی نیازپاكانە و ئاشتیانەی گەلی كوردستان هەبوو، بەڵام بەداخەوە بەشێكیان دژایەتیكردنی مافە ڕەواكانی كوردستانیان بۆ مەرامی سیاسی بەكارهێنا و بە ئابڵوقە و گوشار و زەبروزەنگ وەڵامی دەنگی ئاشتیانەی گەلەكەمانیان دایەوە.

هەر لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو بارودۆخەی لە كەركوك و ناوچەكانی تر لە ئەنجامی خیانەت و سەپاندنی بەزۆر هاتووەتە كایەوە بە هیچ شێوەیەك نابێ ببێتە ئەمری واقیع و پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و ماددەی ١٤٠ ڕەوشی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە و چارەسەربكرێت و دەبێ ئیجرائاتی پێویست لە بەرانبەر ئەو دەستدرێژی و قەتڵوعام و ئاوارەكردنە بكرێت كە لە مانگی ئۆكتۆبەردا لەو ناوچانە و بەتایبەت لە خورماتوو ئەنجامدراوە.

مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا باس لەوەش دەکات، جێگەی داخێكی زۆرە كە عەفرین تووشی شەڕ و ڕووداوی ناخۆش بووەتەوە و ژیان و ئاسودەیی خەڵك كەوتووەتە بەر مەترسی، ئەو دیمەنانەی لە عەفرین دەبینرێن ناخهەژێنن، شەڕ لە نێوان هێزە چەكدارەكان شتێكە و سووكایەتیكردن بە ئافرەت و منداڵ و هێما نەتەوەییەكانی میللەتێك و كوشتن و بڕینی هاووڵاتیانی بێتاوان شتێكی ترە.



PM:07:49:20/03/2018