پارتی لەسەر هێرشی تورکیا پەیامێک ئاراستەی پەکەکە دەکات

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی داوا لە پەکەکە دەکات پێش ئەوەی تورکیا هێرشیان بکاتە سەر شەنگال چۆڵ بکەن.
 
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، لە پۆستێکدا نووسیوویەتی، "پێویستە پەکەکە بەزوترین کات چیای شنگال چۆڵبکات، بۆ ئەوەی تورکیا بیانویەکی دیکەی بەدەستەوە نەبێت بۆ ھێرشکردنەسەر شنگال".

ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی، نوسیویەتی "ئێمە زۆر زووتر وتمان پەکەکە دەبێتە ھۆکار بۆ پەلکێشکردن و ڕاکێشانی سوپای تورکیا بۆسەر لالش و شنگال و دواجاریش سوتانی ئەو ناوچانەی لێدەکەوێتەوە، وەکو چۆن ئێستا بۆتە ھۆکار بۆ ڕاکێشانی ژەندرمە بۆ بامەڕنی، بەڵام ھەموو ڕۆژێکیش ئێمە خەتابار دەکەن".

ئەوەشی ڕاگەیاندوە، "داوادەکەم فشار لەسەر پەکەکە دروستبکرێت بۆ ئەوەی بچنەوە مەیدانی سەرەکی خۆیان کە باکوری کوردستانە، جێگەی پەکەکە نە قەندیل و عەفرین و نە شنگال و ئورمیەیە، جێگەی ئەوان (قارس، ئەرزڕوم، ئامەد، وان و ئورفا)یە".

لەکۆتایی نوسینەکەیدا عەلی عەونی ئەوەی ڕونکردۆتەوە، "ھیوادارین سەرباری ئەو کارەساتە گەورانەی بەسەر گەلی ئێزدیدا ھاتوە، پەکەکە نەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی کارەساتی دیکەیان بەسەردابێت".



AM:09:31:21/03/2018