بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ ناوچە سنوریەکانی باشوری کوردستان لە گوندەکانی دۆڵی باڵەیانی سەربە قەزای چۆمان چوار هاوڵاتی شەهیدبوون.
بۆردومانەکە کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجام دراوە و گوندەکانی وەسان و سەرکان و ماونای سەر بە شارەدێی قەسرێ-یان لە سنوری چۆمان لە دۆڵی باڵەیان-ی پارێزگای هەولێر کردووەتە ئامانج.
ماڵپەڕی ڕۆژ نیوزی نزیک لە پەکەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو چوار کەسەی شەهید بوون لە گوندی سەرکان بوون و دوانیان پێشمەرگەن، هەروەها بۆ سەیران ڕوویان لە ماڵە گەشتیارییەکانی ئەو گوندە کردووە و هەرچواریان هاوڕێی یەکتر بوون.
هاوکات کاتژمێر ٤:٣٠ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراون.
سوپای تورکیا لە سەەتای ئەم مانگەوە لەو سنورە بەدرێژایی ١٥ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و ناوبەناو گوندەکان بۆردومان و تۆپباران دەکات.