ڤیدیۆ.. پارێزگاری کەرکوک وەڵامی لاهوری شێخ جەنگی دەداتەوە

پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت، راکان سەعید وەڵامی قسەکانی لاهوری شێخ جەنگی لێپرسراوی دەزگای پاراستن و زانیاری – زانیاری دەداتەوەو دەڵێت " ئێمە بەهەمان شێواز وەڵامی ئەو لێدوانە نادەینەوە".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا راکان سەعید پارێزگای کەرکوک بەوەکالەت وەڵامی لاهوری شێخ جەنگی دەداتەوەو دەڵێت "سەردانێک بۆ پارێزگای کەرکوک بە رەزامەندی حکومەت بۆ بەڕیز لاهور ڕیکخراوە، ئەوەی جێگای سەرسوڕمانی ئێمە بوو، گوێمان لە لێدوانێک بوو کە بەشێوەیەکی خراپ باسی ئیدارەو لوتکەی سەرۆکی ئیدارە کە بەرپرسی ئەمنی پارێزگاکەیە کرد، ئێمە بەپەرچی تەواوی ئەو لێدوانە دەدەینەوە، ئێمە بەهەمان شێواز وەڵامی ئەو لێدوانە نادەینەوە، ئەوە ئەخلاقی ئێمە نییە، ئەو قسانە سیفەتی قسەکەر خۆیەتی".

راکان سەعید لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئێمە لێرە نوێنەری سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانین، هەر هێرشێک بۆ سەر ئەم جێگایە هێرشە بۆ سەر سەرۆک وەزیران و سەرۆکی حکومەت و هەیبەتی دەوڵەت و هێرشە بۆ سەر خەڵکی کەرکوک، نابێت خەڵکی کەرکوک رێگا بدات کە کەسانێک خۆیان هەڵقورتێننە پێکەوە ژیانیان". 

ناوبراو وتی " سەید لاهور بەرپرسە لە دەزگایەکی ئەمنی سلێمانی، ئەو لە کەرکوک نییە، ئێمە دەزگا ئەمنییەکان ئاگادار دەکەینەوە کە رێگانەدەن کە هیچ کەسێکی سیاسی بێت نێوان پێکهاتەکان تێکبدات و ئاهەنگەکانیان بشێوێنێت".

سەبارەت بە ئاهەنگی نەورۆز پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت وتی " بۆ ئاهەنگی نەورۆز رێککەوتووین لەگەڵ برایان لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە ئاهەنگەکە دوو کاتژمێر بێت، لەژێر سەرپەرشتی هێزە ئەمنییەکان و بە سەلامەتی بەڕێوەبچێت".

پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت دەڵێت " ئێمە لەم بوارەدا بڕیارمان دا کە رێگا نادەین بە پاکتاوکردنی ناکۆکی نێوان لایەنەکانی دەرەوەی کەرکوک، ئێمە قسەمان ئاراستەی بەڕێز لاهور دەکەین، پێشوازی لێکراو نییە لەکەرکوک، پێویستە لە کەرکوک بچێتە دەرەوەو، داوا لە ‌هێزە ئەمنییەکان دەکەین کە رێوشوێن بەرامبەری بگرنە بەر، ئەگەر ئێمە لەم بابەتە دڵنیابووینەوە، ئەوا لەرووی یاساییەوە بەدوای کێشەکەدا دەچین".

ئەو وەڵامدانەوەیەی پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت دوای ئەو هێرشە دێت کە لەکۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە کەرکوک رۆژی ١٩ی ئازار لەوەڵامی هاوڵاتییەکی کەرکوکدا کە داڵدەی بۆ لاهورۆ شێخ جەنگی برد کە پارێزگار خانووەکانیان دەڕوخێنێت، ئەویش لە قسەکانیدا هێرشی توندی کردە سەر پارێزگاری کەرکوک و پێی وت " با .. بخوات".

راکان سەعید پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت سەر بە پێکهاتەی سونەیەو لە بنچینەدا خەڵکی حەویجەیەو لە رووداوەکانی ١٦ ئۆکۆتۆبەرەوە کراوە بە پارێزگار بەوەکالەت لەبری نەجمەدین کەریم.  

 



AM:12:21:24/03/2018