سەندیکای پزیشکانى کوردستان ماوەى ٧٢ کاتژمێر دەدەنە حکومەت و ئەگەر لەو ماوەیەدا موچەکانیان بە تەواوی پێ نەدرێت، بایکۆتى دەوام دەکەن.
سەندیکاى پزیشکانى کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ماوەى ٧٢ کاتژمێری دیاریکرد بۆ حکومەت بۆ ئەوەى پێداچوونەوە بە سیستمى پاشەکەوتى موچە و شێوازى دابەشکردنى موچەدا بکات.
لە بەیاننامەکەى سەندیکاى پزیشکانى کوردستاندا هاتووە، سەرەڕاى قەیرانى دارایی و سیستمى پاشەکەوتى موچە کە پزیشکانى کوردستان قوربانى یەکەمى سیستمەکە بوون، بەڵام بەردەوام بوون لە خزمەتکردن بێ ماندوبوون لە چارەسەرکردنى ئازار و نەخۆشییەکانى هاوڵاتیانى کوردستان کە ئەمەش وایکرد ڕۆژ بەڕۆژ بارى دارایی پزیشکان خراپ بێت و کاریگەرى نەرێنى بکاتە سەر ژیانیان بەڵام هەر بەردەوام بوون لە کارەکانیان.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، پاش ڕێککەوتنى حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراق بەناردنى موچەى تەواوى پزیشکان و کارمەندانى وەزارەتى تەندروستى دووبارە بوونەوە بەقوربانى و بەهەمان شێوەى پاشەکەوتکراو موچەکانیان وەرگرتەوە کە ئەمەش نیشانەى گرنگى نەدانە بەم توێژە گرنگەى کۆمەڵ .
جەخت لەوەش دەکەنەوە وەکو سەندیکاى پزیشکانى کوردستان "زۆر بەتوندى" ئیدانەى ئەم بڕیارە دەکەن و داوا دەکەن لە ماوەى ٧٢ کاتژمێرى داهاتوودا پێداچوونەوە بەم بڕیارەدا بکرێتەوە و بەنوسراوى فەرمى وڵامیان بدرێتەوە و موچەى پزیشکان بەتەواوى و بەبێ پاشەکەوت مانگانە لەکاتى خۆیدا بدرێت .
پزیشکانى کوردستان هەڕەشەى ئەوەش دەکەن، هەڵوێستى مەدەنیانە دەگرنە بەر لە خۆپیشاندان گردبوونەوە تابگاتە بایکۆتى سەرتاسەرى لەهەردوو "سێکتەرى حکومى و تایبەت"، هەروەک پاشهات و لێکەوتە خراپەکان دەخەنە ئەستۆى لایەنى بەرپرس .
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بڕیارە سبەینێ مامۆستایان خۆپیشاندا و گردبوونەوە دژی سیستمی پاشەکەوتی موچە لە هەرێم ئەنجام بدەن.