ڕۆژنامەیەکی کوەیتی: دوو فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی ئێراندا سووڕانەوە

دوێنێ پێنجشەممە دوو فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی ئێراندا سووڕاونەتەوە و بەبێ ئەوەی لەلایەن ڕادارە ئاسمانییەکانی ئێرانەوە پێشیان لێبگیرێ گەڕاونەتەوە بنکەکانی خۆیان.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "الجریدە کویت" دوێنێ پێنجشەممە 2018/3/29 دوو فڕۆکەی جەنگیی ئێف 35ی ئیسرائیل لەڕێگەی ئاسمانی سووریا و عێراقەوە، چوونەتە ناو خاکی ئێرانەوە و تەنانەت چەندین شوێنیان لە پارێزگاکانی "شیراز، بەندەر عەباس و ئیسفەهان"یان وێنە گرتووە

بەپێی هەمان سەرچاوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە پێشکەوتووترین جۆری فڕۆکەی جەنگین لە جیهاندا کە بە بەرزانیی زۆر بەسەر ئاسمانی کەنداودا سووڕاونەتەوە و بەسەر ئەو ناوچانەشدا سووڕاونەتەوە کە بنکە ناوکییەکانی ئێرانیان تێدایە و دەوترێت تەنانەت قەڵغانە ڕووسییەکانیش کەلە ئێران هەن، نەیانتوانیوە شناساییان بکەن

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "جروزالم پۆست"ی ئیسرائیل، دیار نییە کە ئایا فڕینی ئەو دوو فڕۆکە جەنگییەی ئیسرائیل بەسەر خاکی ئێراندا، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەمریکا بووە، یان نا

هەتا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی لە ئێران و ئیسرائیل، ئەم ڕاپۆرتەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ڕۆژنامەی "الجرید کویت" بەوە ناسراوە کە پەیوەندییەکی قووڵ و نزیکی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە



PM:02:46:30/03/2018