سیناتۆرێکی کۆماریەکان کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا بە کارەسات ناودەبات

سیناتۆرێکی  حزبی کۆمارییەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت بە کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە سوریا کارەسات ڕوودەدات و دەشڵێت "دەسەڵاتی ئێران بەسەر سوریادا زیاد دەبێت.

لیندسی گراهام سیناتۆری حزبی کۆمارییەکانی ئەمریکا لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لە کەناڵی فۆکسی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد، خراپترین بڕیاری ئەمریکا ئەوەیە هێزەکانی لە سوریا بکێشێنێتەوە، چونکە وادەکات دووبارە چەکدارانی داعش لە ناوچەکە سەرهەڵبدەنەوە.

دەشڵێت، داعش لە سوریا سێ هەزار چەکداری هەیە و ئەگەر هێزی ئەمریکا لەوێ بوونی نەبێت داعش دووبارە دەسەڵاتی خۆی لەوێ وەردەگرێتەوە.

پێشبینی ئەوەش دەکات، جەنگی تورکیا لەگەڵ شەرڤاناندا بە ئاراستەیەکی تر هەنگاو دەنێت و هەروەها ئێران دەسەڵاتی رەهای دەبێت لە دیمەشق و ئەوەش دەبێتە مەترسی بۆ سەر تەواوی سوریا.

ئەمەش لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا  رۆژی ٢٩ ئازار ڕایگەیاند "هێزەکانمان زۆر بەزووی لە سوریا دەکشێنینەوە و دۆخەکە بۆ لایەنەکانی تر جێدەهێڵین".



AM:08:47:02/04/2018