فازل میرانی: وڵاتی ئێمە دابەش کراوە بەسەر چەند وڵاتێکدا


سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر خۆپێشاندانەکان، ڕایدەگەیەنێت "لەگەڵ ئەوانەی داوای ماف دەکەن، بۆچوونێکمان ھەیە، ئەوانەش ئامانجیان ڕووخانە، بۆچوونێکی تایبەتمان ھەیە."
 
فازڵ میرانی، بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە "ئێمە گلەییمان لە دەستی دەرەکی نییە کە لەو خۆپیشاندانانە ھەبێت، چونکە وەک دەزانرێت وڵاتی ئێمە دابەش کراوە بەسەر چەند وڵاتێکدا، بەڵام ئەوەی کە جێگەی سەرسوڕمانە، ئەوەیە بۆ ئێمەی ھێزی ناوخۆ بە قسەی ھێزە دەرەکییەکان بکەین؟ ئەو ئەزموونەی کە ساڵەھای ساڵە خەباتمان بۆ کردووە و بە ھەڵبژاردن ئەم کیانەمان دروست کردووە، بۆچی داوای ڕووخانی بکەین؟!".
 
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: "ئەو ھێزە ناوخۆییانەی لە پشت ئەو خۆپیشاندانانەی ئێستای کوردستانەوەن، نایانەوێت ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و گوتی: "بە بۆچوونی ئێمە ئەوانەی ئەمکارە دەکەن نایانەوێت ھەڵبژاردن بکرێت، چونکە خۆ پارتی و یەکێتی نە ئەوانی‌تر بە کودەتا نەھاتوون و بە ھەڵبژاردن ھاتوون و حەقە چاوەڕێی ھەڵبژاردنەکان بکەن"
 
فازڵ میرانی، ڕاشیگەیاند: "لە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکاندا ھەر یەک بە مافی خۆی دەگات، بەڵام ئێمە ناتوانین یەکتر دەربکەین ئەگەر کەسێک نەیەوێت خۆی بێبەش بکات کەس ناتوانێت بێبەشی بکات، ئەوانەی دوێنێ شەریکمان بوون، حەقی خۆیانە ئەمڕۆ دژمان بن، بەڵام حەق وایە چاوەڕوانی ھەڵبژاردنەکان بکەین، چونکە ھەرکەس مافی خۆی وەردەگرێت."



PM:07:24:02/04/2018