وتەبێژی حکومەتی عێراق: سوپا لە ئامادەباشیدایە

وتەبێژى حکومەتى عێراق ڕایگەیاند، هەوڵدەدەین گرژییەکانى سوریا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر عێراق نەبێت، وتیشی "عێراق ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەى هەر مەترسیەک بۆ سەر خاکەکەى".

سەعد حەدیسی، وتەبێژى حکومەتى عێراق ڕایگەیاندووە، عێراق هەوڵ دەدات ململانێکانی سوریا کاریگەریی لەسەر عێراق نەبێت، وتووشیەتی "نابێت ئەم گرژییانەى سوریا دوبارە هەل بە داعش بداتەوە لە ناوچەکە بڵاوببێتەوە

ڕاشیگەیاندووە، سوپای عێراق لەسەر سنورەکانى سوریا ئامادە باشە و ڕێگە بە هیچ چەکدارێکى داعش نادات ڕوو بکاتە خاکەکەی.

ئەمەش لە کاتێکدایە گرژیەکان لە سوریا گەیشتۆتە ئاستێک کە ئەمڕۆ ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند، ڕووسیا بەڵێنی داوە ئەو موشەکانە بخاتە خوارەوە کە ئاڕاستەی سووریا دەکرێن، دەی با خۆی ئامادە بکات، چونکە بەمنزیکانە دەگەن.

ترەمپ بە ڕووسیا دەڵێت "موشەکەکانمان نوێ و زیرەکن، تۆش نابێت هاوپەیمان بیت لەگەڵ ئاژەڵێكدا کە بە غازی کیمیایی گەلەکەی خۆی دەکوژێت و چێژی لێدەبینێت".

هاوکات ڕووسیا هۆشداری دایە ئەمریکا لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی ناسەقامگیرکردنی سووریا.

لە کاردانەوەی هێرشە کیمیاییەکە بۆ سەر شاری دوما لە سووریا، چاوەڕێدەکرێت ئەمریکا لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هێرش دژی سووریا ئەنجامبدات.



PM:07:42:11/04/2018