ڕووسیا داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات

چەند دیپلۆماتکارێکی ڕووسی ڕایانگەیاند، وڵاتەکەیان داوای کردووە تایبەت بە دۆخی سوریا ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆببێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری ئەو دیپلۆماتکارانەوە بڵاویکردەوە، ڕووسیا داوای لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە ڕوونکردنەوە پێشکەشی هەر ١٥ ئەندامەکەی ئەنجومەنەکە بکات.

ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە هێرشە کیمیاییەکەی شاری دومای سووریا کۆبووەوە، بەڵام نەگەیشتە بڕیارێکی کۆتایی، دواتر ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر سووریایان کرد.

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و تیمی ئەمنی وڵاتەکەی بێ ئەوەی بگەن بە بڕیارێکی کۆتایی سەبارەت بە سووریا، کۆتایی هات.

لەلایەکی ترەوە، حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند، حکومەتی بەریتانیا رەزامەندی نیشانداوە لە لێدانی سوریا بەشداری بکات و پێی وابووە ناکرێت، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەبێ سزا تێپەڕبێت.



AM:08:51:13/04/2018