عینایەت نامیق: بەبێ هەڵا دروست كردن لەكەركوك دەنگ بەلایەنێكی كوردی دەدەین

عینایەت نامیق كادری دیاری پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە "باوەڕی پارتی وەهایە كە ئێمە دەبوو پێش هەڵبژاردنی عێراق هەڵبژاردنمان بكردایە" و دەشڵێت "بەبێ هەڵا دروست كردن لەكەركوك دەنگ بەلایەنێكی كوردی دەدەین".

لە دیدارێكی ڕاستەوخۆی پەیجی "سپی" عنایەت نامیق، كادری پارتی و كاندیدی داهاتو بۆ پەڕلەمانی عێراق،  لەبارەی پێگەو هێزی كورد لە بەغداد ڕایگەیاند كە "خیانەتی ۱٦ ئۆكتۆبەر هێندە گەورەبوو لەدوای ئەوەوە بەبێ شك زۆر لاوازین زۆر بێ متمانەین لەگەڵ یەكتر بارودۆخی فكری و سیاسی زۆرخراپە پێمان وابوو مەسەلەی كورد و كوردستان بەیەكمانەوە دەبەستێت ئێستا كورد و كوردستانیش لای هەندێك ئەو پیرۆزیەی نەماوە تاكۆمان بكاتەوە" .

لەبارەی چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغداد پێی وایە كە دوو جۆر بۆچون هەیە ، بۆچونێك ئەو هاوار و دەنگ دانەوەی ڕۆشنبیر و سیاسیەكانە كە دەڵێن دەبێت بە دانیشتن و لێك تێگەیشتنی سیاسیانە چارەسەربكرێت، بۆچونێكیش  واقیعیانەیە، سیاسەتیش  جێبەجێكەری واقیعە  بەهاوار دروشم ناتوانرێ لێك تێبگەین .

ناوبراو ئەوەش دەڵێت كە "باوەڕی پارتی وەهایە كە ئێمە دەبوو پێش هەڵبژاردنی عێراق  هەڵبژاردنمان بكردایە ئەوكاتە یاساكان و دەنگی خەڵك كۆی دەكردینەوە یان دەبێ باوەڕێك هەبێت  باوەڕێك كە كۆمان بكاتەوە وەك باوەڕ بەشیعاری یان كوردستان یان نەمان  كوردستان".

هەروەها پێمان وایە كەتا ئێستا لە كوردستان لایەنی سیاسی هەیە نایەوێت كوردستان سەربەخۆ بێت  دەڵێت: ئەگەر حیزب نەبوایە خەڵك دژی ڕیفراندۆم ڕانەدەوەستا ئەگەر حیزب نەبوایە كەركوك و دوزخورماتوو تەسیلم نەدەكرا.

عنایەت نامیق ئەوەی نەشاردەوە كەلە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكاندا ترسی لەئامێرەكان هەیە، چونكە ئامێرەكان لە كۆریا دروستكراون واتا لەژێر بەرمەجەی عراقیەكان ئەوەش واتە لەژێر بەرمەجەی  ئێرانیەكان كەواتە هەموشتێك مومكینە  كەهیوادارم ئەم بۆچونەی من لەشوێنی خۆی نەبێت.  

سەبارەت بە ڕێژەی دەنگەكانی پارتی لەسلێمانی كە بۆچی نەگۆڕە، پێی وایە كە سلێمانی  "كەوتۆتە ژێر بیردۆزێك كە پێی دەوترێ (بیردۆزی صەدمە) ئێمە بنەماڵەكان  هەر خۆمانین و خۆمانین هەندێ جاریش گەنجەكانمان دەكەونە ژێر كاریگەری و هەڵای ڕاگەیاندنەوە، وە لەزوەوە ئێران ئیشی لەسەر سلێمانی كردوە بۆ ئەوەی فكری نەتەوەیی لەت بكات ئەمە وای كردوە خەڵكی سلێمانی ئێمەی خۆش ناوێ ئێستا بەتەڵ ئەوەیە لە سلێمانی جنێو بەپارتی بدات، وەپارتیەكان دەسەڵاتی ئیداری و ئابوریمان لێرە لاوازە یەك فەڕاش بەهۆی پارتی بونی فەسڵ كرابوو بەهەموو سەركردایەتی و حكومەت نەمانتوانی بیگەڕێنینەوە" .

ناوبراو  پێی وایە كە لەهەڵبژاردنەكان بەگشتی ڕێژەی بەشداری گەلی كورد كەم دەكات، بەڵام "پارتی كەمتر لە لایەنكانی دیكە دەنگەكانی كەم دەكات" .

سەبارەت بەبونی كوتلە لەناو پارتیدا  عینایەت نامیق دەڵێت: شتێك نیە لەناو پارتیدا ناوی باڵ بێت شتێك هەیە ناوی ئیلتیزامە ئەگەر ماڵی مەلا مستەفا سەرۆكی پارتی نەبێت پارتی پارچە پارچە دەبێت.

سەبارەت بە سوپاس كردنی مەسعود بەرزانی بۆ ڕوسیا لەدوای ئەوەی ڕوسیا عەفرینی دا بە توركیا  دەڵێت: هیچ دەوڵەتێك نیە لەدونیادا زوڵمی لە كورد نەكردبێت ئێمە لەبارو دۆخێكداین هەرچی مەرحەبامان لێبكات ئەبێ سوپاسی بكەین، ناچارین پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەكانمان لەگەڵیان ڕێك بخەینەوە.



PM:08:26:14/04/2018