مانگرتنی سەرتاسەری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێنجەمین ڕۆژی خۆیدایە. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێزێکی زۆری ئەمنی وسەربازی لە نێو سارەکاندا جیگیر کردووە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٩ ی نیسان پێنجەمین ڕۆژی مانگرتنی کاسبکاران و دوکاندارانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتە، کاسبکاران و دوکاندارانی شارەکانی جوانڕۆ، بانە، مەریوان، سەقز، سەردەشت و پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، سەرەڕای بەڵێنەکانی بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی ، مانگرتنەکە بەردەوامە.
دوێنێ سەعید جەلیلی، نوێنەری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییدا، چووە بانە و لە مزگەوتی گەورەی ئەو شارەدا قسەی بۆ خەڵک کرد بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەکان ئارام بکاتەوە و مانگرتنەکە بشکێندرێت.
پاش قسەکانی سەعید جەلیلی، کاسبکاران و دووکاندارانی شاری بانە چوونە بەردەم قائیمقامییەتی ئەو شارە و بە وتنەوەی دروشم ڕایانگەیاند، کە چیدی باوەڕ بە بەڵێنەکانی حکومەت ناکەن.
ئەمڕۆش مانگرتنەکە هەر وا بەردەوامیی هەیە و لە شاری جوانڕۆ ڕێپێوانێک بەرەو قائیمقامتی ئەو شارە بەڕێوەیە.
لە شارەکانی دیکەی وەک بانە و مەریوانیش، ڕاگەیەندراوە، کە بازاڕەکان بەسەربازیی کراون و حکومەت لە هەوڵداندایە بۆ ناردنی هێزی زیاتری سەربازیی زیاتر بۆ ئەو شارانە.
مانگرتنەکە بۆ ناڕەزیی دەربڕینە بەرامبەر بەداخستنی دەروازە سنوورییەکانی کۆڵبەریی و بەرزبوونەوەی نرخی باج و گومرگە.
مانگرتنی سەرتاسەری پێنج ڕۆژ پێش ئێستا بە دەستپێشخەریی دووکانداران و کاسبکارانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ دەستیپێکرد و پاشان لە شارە سنوورییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا بڵاوبووەوە، مانگرتووان هەموو ڕۆژێک لە بەر دەم قائیمقامییەتیی شارەکانیان گرددەبنەوە و سفرەی بەتاڵ ڕادەخەن.