محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود؛ ئامادەم لە پێناو ڕیفراندۆمدا دەیان جار دادگایی بکرێم

 سکرتێری حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان رایدەگەیەنێت، "من لەپێناو میلـلەتەکەی خۆمدا مردنم هەڵبژاردووە نەک دادگایی کردن، لە پێناو ڕیفراندۆمدا ئامادەم دەیان جار دادگایی بکرێم ئەگەر ئێستا ریفراندۆم بکرێتەوە دە جاری تر دەنگی بۆ دەدەم چونکە بە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستانی دەزانم هەر میللەتێک دەوڵەتی نەبێت خۆشی نەبێت باشترە".

محەمەدی حاجی مەحمود لە بارەی گەڕانەوەی کورد بۆ عێراق لە دوای ڕیفراندۆم و بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو دەوڵەتەی حەوت مانگ لەمەوبەر داوای جیابونەوەیان لێدەکرد بە "دەنگی ئەمریکا"ی راگەیاند،"بابەتی ڕیفراندۆم لە مێژوودا ئەمە شتێکی گرنگمان کردووە و لە پێشووتردا نەبووە و قەتیش دووبارە نابێتەوە، هەتا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش نەیانتوانی خۆیان بگرن لە بەردەم ڕیفراندۆمدا و ئاخیر ڕۆژ هەموویان چونە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگیان دا، ڕیفراندۆم تاپۆیەکی ڕەشە و لە گیرفانی هەموو کوردێکدایە بۆ هەرکات پێویست بوو هەتا هەتایە دەمێنێتەوە، ئێستاش دەمانەوێت بە هێزەوە بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوررییەکانمان بین لە بەغداد هەرچەندە لە دوای ئەو ڕووداوانە کورد ئەو هێزەی نەماوە."

ئاماژەی بەوەشداوە،"من وەک خۆم پێم باش بوو کورد بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات ئەگەر شێوازی هەڵبژاردنەکان یەک بازنەیی هەڵبژاردن نەبێت چونکە ئەوکات کورد ڕێژەی کوردسیەکانی ڕەنگە بگەیشتایە هەشتا کورسی و زیاتر، هەرچەندە ئێستا ئەگەر کورد سەد و شەست کورسیشی هەبێت ناتوانێت لەو(٣٢٩) کورسیەکە هیچ بڕیارێک لە بەغداد بدات."

لەبارەی هۆکاری هێرشەکانی بەغداد بۆسەر ناوچە کێسە لەسەرەکان کە هەندێک لایەن لە ئێستادا وەک بانگەشەی هەڵبژاردن، بە لێکەوتەی ریفراندۆمی دەزانن محەمەدی حاجی مەحمود وتی"ڕیفراندۆم بکرایە و نەکرایە ئەوان پەلاماری کەرکوک و دوزیان دەدا، دوای ئەوە خۆ ڕیفراندۆم لە عەفرین نەکراوە لە هەموو لایەکەوە پەلاماریان داوە و کەسیش قسەناکات، ئەوانەی ئێستا بەو جۆرە باسی ڕیفراندۆم دەکەن ڕەنگە ئێستا ئەگەر قسەکانی ئەو ڕۆژەی سەر سندوقی دەنگدانیان بۆ لێ بدەیتەوە خۆیان شەرم بکەن، ئەوان خۆیان هاتنە سەر سندوقی دەنگدان و ڕۆژی ڕیفراندۆم پەنجەیان کرد بە مەرەکەبەکەدا و دەنگیان دا."

 وتیشی،"من لەپێناو میلـلەتەکەی خۆمدا مردنم هەڵبژاردووە نەک دادگایی کردن، لە پێناو ڕیفراندۆمدا ئامادەم دەیان جار دادگایی بکرێم ئەگەر ئێستا ریفراندۆم بکرێتەوە دە جاری تر دەنگی بۆ دەدەم چونکە بە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستانی دەزانم هەر میللەتێک دەوڵەتی نەبێت خۆشی نەبێت باشترە."

محەمەدی حاجی مەحمود باسی لەوەشکرد"ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن تابوری پێنجن و بەدەستی خەڵکی تر ئەو قسانە دەکەن بۆیە لای ئێمە زۆر بایەخی نیە، چونکە ئێمە داوای مافی خەڵکی کوردستانمان کردووە با ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەرچن ئەو کات دەبینن ئەوانەی لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی میلـلەتەکەی خۆیان بوون دەنگیان چۆن بووە لەچاو ئەوانەی دژی بوون."

لە بارەی هۆکاری بەشداری نەکردنی کورد لە هەڵبژاردنەکانی عێراق بەیەک لیست کە هەندێک لایەن بە تێکدانی شیرازەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستانی لە قەڵەمدەدەن، محەمەدی حاجی مەحمود وتی"ئەوە پاساو نیە کە یەکڕیزی نێوماڵی کورد نەپارێزین، من پێم وانیە هۆکارەکە پارتی و یەکێتی بن بە تەنها، بەڵکو هۆکارەکە ئەوەیە کە حقدەکە گەیشتۆتە ڕادەیەک ئامادەیە عێراق قبوڵ بکات، بەڵام ئامادەنیە حیزبە کوردیەکەی بەرامبەری قبوڵ بکات،

دەشلێت،"باشە ئەگەر ئەو لایەنانە ئەوەندە دڵسۆزن بۆ ئەو ناوچە دابڕێنراوە کوردستانیانە بۆچی لە ماوەی شەڕی داعشدا سەدان پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی و سۆسیالیست شەهید بوون بۆ یەک ڕۆژ نەهاتن بەرگری بکەن لەو ناوچانه؟".

محەمەدی حاجی مەحمود بە دوری دەزانێت لیستی سێ لایەنە کوردیەکە(بزوتنەوەی گۆڕان - کۆمەڵی ئیسلامی- هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری)کاریگەری لەسەر لیستە کوردییەکانی دیکە هەبێت و دەڵێت"من پێم وانیە ڕێژەی دەنگەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان بۆ لایەنەکان زۆر بگۆڕێن، چونکە ئەو حیزبانە لایەنگر و دەنگدەری خۆیان هەیە، بەڵکو پێم وایە دەنگەکان لە سلێمانی زیاتر ئەمبەراوبەر بکەن لە ناوچە دابڕێنراوەکان ڕەنگە بە هەموو لیست و حیزبە کوردییەکان دەنگی پێشوو نەهێننەوە وە بە گشتی کورد لە(٥٧)کورسی لەسەر ئاستی عێراق تێناپەڕێت، لە ناوخۆی کوردستانیش لیستی دکتۆر بەرهەم کاریگەری لەسەر دەنگی یەکێتی و ئیسلامیەکان بێت وە لیستەکەی کاک شاسواریش کاریگەری لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت ئەگەر گۆڕان و یەکێتی نیوەی کورسیەکان لە سلێمانی بهێێنەوە باشە ."

 سکرتێری حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان  ئەوەشی خستەڕوو،"من لەگەڵ ئەوەم کە بەشداری هەڵبژاردن نەکەین ئێمەش لەناو ئەو هەموو حزبەدا ڕەنگە پێمان بڵێن بۆ بەشداریان نەکرد ڕەنگە زۆر بڕواشمان پێی نەبێت، بەڵام بۆ ئەوەی بە قورسایی بچینە بەغداد بۆ پاراستنی مافەکانی کورد، بەڵام ئەمجارە تێڕوانینی خەڵک جیاوازە لە هەڵبژاردنی پێشوو ڕەنگە سۆسیالیست بتوانێت لەوێدا دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنێت و چاوەڕێی خەڵکی کوردستانین."

AM:10:55:25/04/2018