لێپرسراوی كۆمیته‌ی مه‌خموری یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، یه‌كێتیى له قه‌زاى مه‌خمور پله‌ى یه‌كه‌م به‌ده‌ستده‌هێنێته‌وه و دەشڵێت "له دوای هاتنی هێزه‌كانی سوپای عێراقیش له 18ی ئۆكتۆبه‌ردا هه‌ر یه‌كێتیی بوو مه‌خمورییه‌كانی به ته‌نها جێنه‌هێشت".
ره‌شاد گه‌ڵاڵی، لێپرسراوی كۆمیته‌ی مه‌خموری یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان به ماڵپه‌ڕى فه‌رمى یه‌كێتیى راگه‌یاندووه "كۆی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم كه به‌شداریان له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردووه له قه‌زای مه‌خمور بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، به‌و لایه‌نه‌شه‌وه كه له 18 ی ئۆكتۆبه‌ردا جارێكی دیكه مه‌خموری به‌جێهێشت، ئێستا بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن گه‌ڕاوه‌ته‌وه شاره‌كه و بانگه‌شه بۆ لیست و كاندیده‌كانی ده‌كات".
ناوبراو ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو "یه‌كێتیی له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ساڵى 2014 ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقدا له سه‌نته‌ری قه‌زای مه‌خمور ده‌نگی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوه، بۆ ئه‌مجاره‌ش ئومێدمانه به هه‌مان شێوه ده‌نگی یه‌كه‌م به‌ده‌ستبهێنین".
ره‌شاد گه‌ڵاڵی، باسى له‌وه‌شكردووه "وه‌ك یه‌كێتیی جێی متمانه‌ی مه‌خمورییه‌كانین، چونكه یه‌كێتیی له 18 ی ئۆكتۆبه‌ردا وه‌ك لایه‌نه‌كانی دیكه شاره‌كه‌ی به‌جێنه‌هێشت و توانیمان ببینه به‌شێك بۆ پاراستنی سه‌روماڵی دانیشتوانی شاره‌كه به‌بێ جیاوازی".
لێپرسراوی كۆمیته‌ی مه‌خموری یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان ئه‌وه‌شى وتووه "متمانه‌ی خه‌ڵكی مه‌خمور و ده‌وروبه‌ری به یه‌كێتیی له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه له ساڵی 1991 و 2003 یه‌كێتیی رۆڵی سه‌ره‌كی له ئازادكردنه‌وه‌ی مه‌خمور هه‌بووه له رژێمی له‌ناوچووی به‌عس، دواجاریش له كاتی هاتنی رێكخراوی تیرۆریستی داعشدا له ساڵی 2014، هێزه‌كانی دژه تیرۆری یه‌كێتیی بوون توانیان قه‌زای مه‌خمور رزگار بكه‌نه‌وه، له دوای هاتنی هێزه‌كانی سوپای عێراقیش له 18 ی ئۆكتۆبه‌ردا هه‌ر یه‌كێتیی بوو مه‌خمورییه‌كانی به ته‌نها جێنه‌هێشت".
وابڕیاره رێكه‌وتی 12 ی ئایاری 2018، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانیش به لیستی ژماره 162 به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌كات.