کۆبوونەوەکانی وەفدی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا کۆتاییهات و پارێزگاری سلێمانیش رایدەگەیەنێت بەغدا رەزامەندی لەسەر زۆرینەی داواکاریەکانیان دەربڕیوە.
كۆبوونەوەكانی وەفدی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی بەغدا کۆتاییهات، پارێزگاری سلێمانیش رایدەگەیەنێت: بەغدا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر كردنەوەی مەرزی پشتە، كردنەوەی پاسپۆرتی ئیدارەی راپەڕین، خەرجكردنی موچەی چوار فەرمانگە ئیتیحادییەكەو لابردنی بازگەی سەفرەو چەند داواكارییەكی دیكە.
د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لەمیانی گۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لەشاری بەغدا بەڕێوەچوو، وتی"وەزارەتی ناوخۆی عیراق رەزامەندی دەربڕیوە كە لەچەند رۆژی داهاتوودا مەرزی پشتە لەسنووری قەزای دەربەندیخان بكرێتەوە".
راشیگەیاند: داوامان لە وەزیری ناوخۆی عیراق كردوە كە بازگەی(سەفرە) لاببرێت، ئەوانیش بەڵێنیانداوە كە ئەگەر داخوازییەكانیان لەبارەی رێوشوێنە گومرگیەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە جێبەجێبكرێت، ئەوە ئەو بازگەیە لادەبرێت.
پارێزگاری سلێمانی وتیشی"وەزارەتی ناوخۆی عیراق بڕیاریداوە بەكردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرتی هەڵەبجەو لەبارەی كردنەوەی ئەو فەرمانگەیەش لەسنووری ئیدارەی راپەڕین، وەزارەتەكە رەزامەندی دەربڕیوە كە لەو سنوورەش بكرێتەوە".
راشیگەیاند: داوای پشتیوانی لۆجستی و تەكنیكیمان كردوە بۆ لیوای پاسەوانی سنوور كەهاوكاریان بكرێت لەدابینكردنی كەرەستەی پێویست و ئۆتۆمبێل، رەزامەندیش دراوە كە لەدوای هەڵبژاردنەوە 500 كەس بۆ ئەو فەرماندەییە دادەمەزرێنن.
لەبارەی موچەی فەرمانگەكانی(پاسپۆرت، رەگەزنامە، نیشنگەو كارتی زانیاری)ی هەرێم كە موچەی پێنج مانگیان لای حكومەتی عیراقە، پارێزگاری سلێمانی ئاشكرایكرد: وەزارەتی ناوخۆی عیراق رەزامەندی دەربڕیوە كە لەداهاتوویەكی نزیكدا ئەو موچانەیان بۆ خەرجبكرێت.
لەبارەی دابەشكردنی نەوتی سپی وتی پڕۆسەكەش بەردەوام بێت، بەڵێنیانداوە 11 بەنزیخانەی حكومی هەیە بەنزینیان بۆ دابین بكرێت و بەنرخی حكومی.
دەربارەی خەرجكردنی پارەی گەنمی جووتیارانیش، پارێزگاری سلێمانی وتی "ئەو داوكارییەمان لە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كردوەو بەڵێنی دیراسەكردنی پرسەكەیان داوە".
راشیگەیاند: حكومەتی عیراق پێشوازی لەداواكاری هەردوو فەرمانگەی كارەبای بەنداوەكانی دەربەندیخان و دووكان كردووە، بۆئەوەی موچەكانیان بخرێتەسەر حكومەتی عیراق.
ئەوەشی وت "چەندین داواكاری دیكەمان لەبارەی كارەباو پێداویستی ئاوارەكان و چەند پڕۆژەیەكی رۆشنبیری رەزامەندی لەسەردراوە".