ماکرۆن پێشبینی دەکات ترەمپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکە بکشێتەوە

سەرۆکى فەڕەنسا پێشبینى دەکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە ڕێککەوتنى ئەتۆمی نێوان وڵاتانى زلهێز لەگەڵ ئێران بکشێتەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، نازانێت بڕیارى ئەمریکا چی دەبێت لەو بارەیەوە، بەڵام دواى وردبوونەوە لە وتەکانى ترەمپ گەیشتووەتە ئەو بڕوایەى کە پێناچێت سەرۆکى ئەمریکا بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەوە پابەند بێت .

وتیشى ئامانجى رێککەوتنەکە ڕوونە و نابێت هەرگیز ئێران ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى و ناکرێت رەتبکرێتەوە.

ماکرۆن جەختیکردەوە لەسەر سنوردارکردنى هەژموون و چالاکی بالیستى ئێران  لە سوریا و عێراق و یەمەن و لوبنان و دەڵێت، نابێت سیاسەتى ئێران ببێتە هۆى هەڵگیرسانى  جەنگ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا.

چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەى کشانەوەى وڵاتەکەى کردوە لە رێککەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ ئێران و چاوەڕواندەکرێت رۆژى ١٢ى ئایارى ئەمساڵ بڕیارى کۆتایی لەو بارەیەوە بدات.



AM:09:35:26/04/2018