"کوڕێک خۆشەویستەکەی دەکات بەژن و لای براکانیشی باسی دەکات"

لەهەولێر کوڕێک خۆشەویستەکەی دەکات بەژن و لەرێگای تەلەفونی جیاجیاوە بەبێ ئەوە خۆی ئاشکرا بکات پەیوەندی بە براکانیەوە دەکات، نهێنیەکە ئاشکرا دەکات.

ماڵپەڕی وشە لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردۆتەوە کە كچێكی تەمەن 20 ساڵ لە هەولێر، پاش ئەوەی كوڕە خۆشەویستەكەی كردوویەتی بە ژن، ئێستەیش بە ژمارەی نەناسراو نامە بۆ براكانی دەنێرێ و نهێنی كردنی خوشكەكەیان بە ژن بۆ براكانی باس دەكات، ئەمەیش ژیانی كچەكەی خستووەتە مەترسییەوە و براكانی هەڕەشەی كوشتنی لێ دەكەن.

بەپێی ئەو راپۆرتە ئە کچەی لەترسی کوشتنی لەلایەن براکانیەوە هەڵهاتووە بۆ ماڵی خاڵی و ئێستا لەوێ خۆی حەشار داوەو داوا لە رێکخراوەکانی ژنان دەکات بەدەنگیەوە بچن.

سوەیدە کە ناوی خوازراوی ئەو كچەیە کە لەراپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت " دەمەوێ دەنگم بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی توندوتیژی دژ بە ژنان و ڕێكخراوەكانی مافی ژن بگات، هەرچەند لێشیان دەترسم كە كێشەكەم گەورەتر بكەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەڕەشەی كوشتنم لەسەرە داوا دەكەم بە فریامەوە بێن و لە مەرگ ڕزگارم بكەن".

لەو ماڵپەڕەدا باس لەوە کراوە، ئەو كچە سێ ساڵ پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كوڕێك هەبووە، بەهۆی ئەوەی كوڕەكە بەردەوام هەڵیخەڵەتاندووە گوایە هاوسەرگیری لەگەڵ دەكات، بۆیە چەند جارێك داخوازی هاتووە و ڕەتی كردووەتەوە، بەڵام خۆشەویستەكەیشی ماوەیەكی زۆر فەرامۆشی كردووە و دەڵێت " دواتر بە هەڕەشەیەك دووبارە منی دەستەمۆ دەكردەوە".

سوەیدە دەڵێ، لە سەرەتا ویستم وازی لێ بێنم، چونكە دوای تەواو ناسینی بۆم دەركەوت كە ژیانم دەكاتە دۆزەخ، بەڵام كوڕەكە وازی نەهێنا و بەردەوام بە باسكردنی پێوەندی خۆشەویستییەكەیان لای براكانم و باوكم منی دەترساند و گوتوویەتی نامە بۆ براكانت دەنێرم و ژیانت بە كۆتا دێنم.

ئاوارە ناوی كوڕە خۆشەویستەكەیە كە پێوەندی لەگەڵ سوەیدە هەبوو، جارێك بەیەكەوە چوونەتە دەرەوە و ئاوارە پێی وتووە "ئەگەر خۆتم رادەست نەكەیت، ئەوا تۆ و خۆیشم دەكوژم، هەرچەند من ڕەتم كردەوە، بەڵام ئەو بە باسكردنی براكانم و گێڕانەوەی پێوەندییەكەمان هەموو جار منی دەترساند، بۆیە منیش ناچار بووم خۆم ڕادەستی كرد، سەرەنجام ئاوارە منی كردە ژن و بەڵێنیشی دا دوای ئەوە دێتە داوام و هاوسەرگیریم لەگەڵ دەكات".

سویدە گوتی، پاش ئەوەی منی كرد بە ژن، هەموو جار پێم دەگوت كەی دێیت بۆ داوام، بەڵام ئەو هیچ گرنگی پێم نەدەدا و هەر ڕۆژە و كێشەكەی گەورەتر دەكردم، ئێستەیش هەر ئەوە ماوە كە براكانم بمكوژن، چونكە ژمارە تەلەفۆنی ئەوانی وەرگرتووە و نامەیان بۆ دەنێرێ و دەڵێ، خوشكەكەتان بێ ڕەوشتە، براكانیشم باوەڕیان هێناوە و هەڕەشەی كوشتنیان لێ كردم و دەڵێن هەرگیز لێناگەڕێین لە ژیان بەردەوام بیت، بۆیە من بە نهێنی چوومەتە ماڵی خاڵم و لەوێ خۆم حەشار داوە.




PM:05:03:26/04/2018