سپی هۆکاری ئامادەنەبوونی بارزانی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی ئاشکرا دەکات

بەنزیکی ماوەی ١٥ رۆژ بەسەر هەڵمەتی هەڵبژادنی پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت، بەلآم مەسعود بارزانی ئامادەی هیچ کۆبوونەوەو چالاکیەکی هەڵمەتی هەڵبژاردنی نەکردووەو کەمترین کاتیش لە میدیاکانەوە دەرکەوتووە، سپی هۆکارەکەی بلآودەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە لە زیاتر لە سەرچاوەیەکی نێو پارتی و نزیک پارتیەوە، هۆکاری ئامادەنەبوونی بارزانی بۆ دوو پرس دەگێڕنەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانە، یەکێک لەو پرسانەی کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەشداری نەکردنی مەسعود بارزانی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی حیزبەکەیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکە کە ناوەندەکانی پارتی و ناوەندە سەربەخۆ و نێو دەوڵەتییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە دەنگی پارتی و ژمارەی کورسەیەکانی لە پەرلەمانی ئایندەی عێراقدا بەڕادەیەکی بەرچاو کەمدەبێتەوە، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکیەکانی بەشداری نەکردنی بارزانی لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا، لەم ڕوەوە بارزانی خۆشی نایەوێت دەربکەوێت و بنەماڵە و مەکتەبی سیاسی پارتیش هاوڕان، لەگەڵ دەرنەکەوتنی، چونکە هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە بەشداری مەسعود بارزانی لەهەڵمەتێکدا کە ئایندەکەی زامن نییە، پارتی پێیوایە دەبێتەوە هۆی شکاندنی پلەو پایەی مەسعود بارزانی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق.

سەرچاوەکانی سپی، هۆکاری دووەمی دەرنەکەوتنی دەگەڕێننەوە بۆ پرسی ریفراندۆم، بارزانی کە خۆی بەخاوەن بیرۆکەی ریفراندۆم و سەرکردەی جێبەجێکردنیشی دەزانێت، بە " تناقض " ی دەزانێت کە بانگەشە لە نێو میدیاو خەڵکدا بکات بۆ ناردنی نوێنەرانی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق کە تا دوێنێ ئەم داوای جیابوونەوەی لەبەغدا دەکرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە لەسەر رێژەی دەننگەکانی پارتی، ئەو حیزبە لە ناوچەکانی دەشتی نەینەواو شەنگال دەنگەکانی کەمدەکات، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رەوشەی لەو دەڤەرە دەگوزەرا کە جاران لە زۆر جێگای ئەو شوێنانە پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانی سەر بەپارتی بالآدەستیەکی تەواویان هەبوو، لەو دۆخەشدا هەڵبژاردنەکانی پێشوو ئەنجامدەدران، بەلآم ئێستا حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەو دەڤەرە بالآدەستن.

هەروەها لەو شوێنانەی کە پارتی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا بالآدەستبووە، لەوانە دهۆک و هەولێر بەهۆی شکستی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوەو سیستەمی پاشەکەوتی مووچەوەو راوەستانی هەزاران پرۆژەی ئابوری ناڕەزایەتییەکی زۆری لەنێو خەڵکدا دروستکردووە کە پێشبینی دەکرێت لەو دوو پارێزگایەش دەنگی پارتی کەم بکاتەوە.

لە رۆژی ١٦ ی نیسانەوە تا ئەمڕۆ ٢٧ ی نیسان مەسعود بارزانی لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق بەشداری نەکردووەو هەڵمەتەکە زیاتر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.




PM:10:21:27/04/2018