دژی درێژكردنەوەی خولی كاركردنی دامەزراوە و سەندیكاكان ژمارەیەك پەرلەمانتار و كەسایەتی و ڕۆشنبیر بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و بە "نایاسایی" ناودەبەن.
دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
نەخێر بۆ دیاردەی درێژكردنەوەی نایاسایی دامەزراوەكان
بەڵێ بۆ كۆنگرەی پارێزەران و رێكخراوەكان
راگەیاندنێك بۆ رای گشتیی
ئێمەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، لە چەند ساڵی رابردوودا، رووبەڕووی دیاردەیەكی نا یاسایی و مەترسیدار كراوینەتەوە، كە دژی بنەماكانی دیموكراسییە، ئەویش درێژكردنەوەی نایاسایی دامەزراوەكانی دەوڵەت و رێكخراوە مەدەنییەكانە، وەكو درێژكردنەوەی خولی ئێستای پەڕلەمانی كوردستان، ماوەی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی، ویلایەتی سەرۆكایەتی هەرێم لە رابردوودا، ھەروەھا درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی دەستەی مافی مرۆڤ و چەندین دەستەو دامەزراوەی دیكە.
لە ئاستی رێكخراوەكانیش، زۆربەی كۆمەڵەو سەندیكاكان ماوەی كاركردنییان بەسەرچووەو كاتێكی زۆر بەسەر وادەی كۆنگرەو ھەڵبژاردنیان تێپەڕیوە، سەرباری ئەوەی بەشێك لە رێكخراوەكان بەردەوام مینحەی قەبەیان لە حكومەت وەرگرتووە، بەڵام داھات و خەرجییان ناشەفاف بووەو لەم قەیرانە، سامانی گشتی بەفیڕۆدراوە.
بەشێك لەو رێكخراوانەی بە نایاسایی ماوەیان بەسەرچووە، پەیوەندیدارن بە توێژە گرنگەكانی كۆمەڵگەی كوردەواریی، وەك یەكێتی زانایان، یەكێتی مافپەروەران، سەندیكای رۆژنامەنوسان، پێویستە ئەندامانی ئەو رێكخراوانە پرسیار بكەن و ھەڵوێست وەربگرن، بۆچی لەماوەی ٢٩ ساڵدا یەكێتی مافپەروەران یەك كۆنگرەی ئەنجامداوە؟ لە شەش ساڵی رابردوو بۆچی سەندیكای رۆژنامەنوسان نەیتوانیوە ھەڵبژاردن ئەنجامبدا؟ مامۆستایانی ئایینی كە خاوەن یەكێتەكن وەك پێگەیەكی دیاری ناو كۆمەڵگا و رێزدانان بۆ پیشەكەیان كە دەبوایە دووربن لە دەستێوەردانی حزبی، بەپێچەوانەوە؛ لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی كۆنگرەكەیان كۆمەڵێك پێشێلكارییان دەرھەق بە یەكێتیەكەیان كراوە.
ئەمڕۆش لە دوای 18/3/2018، سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، كە یاسایەكەی لە پەرلەمانی هەرێمەوە دەرچووە، ماوەی یاسایی بەسەرچووەو بێ ھیچ پاساوێك وادەی بەستنی كۆنگرەیان دواخستوە بۆ ئاییندەیەكی دوور كە پێشێلكاریەكی زەقی یاسایە.
لەم روانگەیەوە؛ ئێمە وەك چالاكوانانی سەكۆی جەماوەر و ھەموو ئەو كەسایەتییە دڵسۆزانەی كە چاكەی گشتی و خەمی سەروەریی یاسا كۆماندەكاتەوە، ناڕەزایی دەردەبڕین و لەپێناوی بێبەش نەبوونی نەوەی تازە لە بەشدارییان لە ھەڵبژاردنی سەندیكاو رێكخراوەكان، ھەموو ھەوڵێكی مەدەنی دەخەینەگەڕ.
داوا لە یاساناسان، پارێزەران، مامۆستایانی ئایینی، ڕۆژنامەنووسان، ھەروەھا چالاكوانان و تەواوی دەستەبژێری كۆمەڵگەكەمان دەكەین، پشتیوانی ئەم یاداشتە بكەن و ئێمەش داواكارین:
یەكەم: هەموو پێكەوە دژی بە كەلتووركردنی درێژكردنەوەی نایاسایی دامەزراوە حكومییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بوەستینەوە، هەروەها سەرجەم رێگا مەدەنییەكان بگرینەبەر بۆ ئەوەی سەروەری یاسا شوێنی ئەو سەرگەردانیە بگرێتەوە.
دوەم: داواكارین رێكخراوە مەدەنی و جەماوەریی و پیشەییەكان، لە چنگی ململانێی حزبی ناتەندروست دەربھێندرێت، لەوبارەوە ئێمە پشتگیریی ھاتنە مەیدانی كەسانی سەربەخۆو بێلایەن دەكەین.
سێیەم: ستافی رێكخراوەكان بە بەرپرس دەزانین، بەتایبەتی ئەوانەی چەند ساڵێكە ماوەی رێكخراوەكانییان بەسەرچووەو ئەوانیش دوورلە بنەما دیموكراسیەكان، بەردەوامن لە بەڕێوەبردنی رێكخراوەكان بە نایاسایی و دەستیان لەكار نەكێشاوەتەوە.
چوارەم: پێویستە بەزووترین كات كۆنگرەی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ببەسترێت و دەستەیەكی نوێ ھەڵببژێردرێت و رێز لە یاساو خواست و ویستی پارێزەران بگیرێت.
لەگەڵ رێزدا .
ناوەكان:
١-گەشە دارا حەفید
٢- فاروق جەمیل سادق
٣-كاردۆ محەمەد
٤- مەسعود عەبدولخالق
٥- نیزام فەیسەڵ
٦- كەمال رەئوف
٧- سەروەر عەبدولڕەحمان
٨- زانا ڕۆستایی
٩- حاكم عەونی بەزاز
١٠- كەریم بەحری
١١- دكتۆر بەیاد عەلی
١٢- پارێزەر: جەوهەر كاكە جەلیلزادە
١٣- پارێزەر ئەحمەد عەبدولقادر
١٤- پارێزەر محەمەد عەبدوڵا عوسمان
١٥- د. شێركۆ كرمانج
١٦- كەیفی عەلی
١٧- حكیم وەسمان قادر
١٨- نیاز رەفعەت محەمەد قسیم
١٩- تەلار لەتیف
٢٠- سەرتیپ جەوھەر
٢١- كەمال موسلیم
٢٢- كارزان كەریم
٢٣- بابەكر دڕەیی
٢٤- نیاز عەبدوڵا
٢٥- پارێزەر سیروان سابلاغی
٢٦- پارێزەر ئەردەلان مستەفا
٢٧- د. ئەحمەد حەمەدئەمین
٢٨- سادق ئەحمەد عوسمان
٢٩- ئاریان بایز
٣٠- سەردار عەلی حەسەن
٣١- كەمال غەریب
٣٢- یەعقوب كاكل
٣٣- سابیر عەبدولڕەحمان
٣٤- دلێر حسێن پیرۆمەری
٣٥- مەعروف عەزیز
٣٦- ئەنوەر عبداللە
٣٧- سەعدی عەلی
٣٨- كەنار عوسمان
٣٩- ڕەھێڵ دزەیی
٤٠- ماردین ئیبراھیم
٤١- م. كاوە پیرداود
٤٢- پارێزەر ئاری جەزا
٤٣- سنگر عبدالقادر عبدالرحمن
٤٤- ئەنوەر ئەحمەد عەوڵا
٤٥- شوان ئەبوبەكر محەمەد
٤٦- ئاسۆ حەیدەری
٤٧- شیلان عوسمان