شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان سوپای سووریا و هەسەدە رویدا
شەڕو پێکدادانێکی سەخت لەنێوان سوپای سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات رویدا و رایگەیاند، ڕژێمی سوریا و چەکدارەکانی بە هێرشکردنە سەر خاڵەکانی قەسەدە، بەربەست بۆ شەڕی دژی تیرۆر دروستدەکەن.
گابرییەل کینۆ، وتەبێژی فەرمیی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە)لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا،" لە کاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ئامادەکاریدان بۆ بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرە بەمەبەستی ڕزگارکردنی ناوچەکانی دێرەزۆر لە چنگی چەتەکانی داعش و تێدەکۆشن بۆ بە ئاسایشکردنی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام چەکدارەکانی ڕژێمی سوریا خاڵەکانی هەسەدەیان لە نزیک ڕووباری فورات لە دێرەزۆر کردووەتە ئامانج، کە مەبەست لەو هێرشانە ئاستەنگ دروستکردنە لە شەڕی هێزەکانمان لە دژی تیرۆر".
وتیشی،"درەنگانێکی شەوی ڕابردوو ژمارەیەک لە چەکدارانی ڕژێمی سوریا خاڵەکانی شەڕڤانانیان کردە ئامانج و هەوڵیان دا بەرەو ئەو ناوچانە پێشرەوی بکەن، کە لەلایەن شەرڤانانەوە لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگارکراون".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو،" ئێمە وەک هێزەکانی سوریای دیموکرات، جارێکی دیکە جەختدەکەینەوە، کە بەردەوامی دەدەین بە تێکۆشانمان لە دژی تیرۆر، هۆشداریش دەدەین کە بەرگری لە خۆمان بە مافێکی ڕەوای هێزەکانمان دەزانین، دژایەتیکردنی چەکدارەکانی ڕژێم بە مەبەستی پشتگیریدان بە تیرۆر و ئاستەنگ دروستکردن لە شەڕی دژی تیرۆریزم دا ئەنجام دەدرێت".
لەلایەکی دیکەوە سوپای سووریا رایگەیاندووە، چەند ناوچەیەکیان لە نزیک دێرەزوور لە
رۆژهەڵاتی رووباری فورات لەدەست هێزەکانی هەسەدە دەرهێناون کە بریتینە لە گوندەکانی "جونەینە و جیا و مەیشیە".
لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 29-4-2018 ەوە، لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای سووریا روویداوە، تا ئێستا شەڕەکە بەردەوامە.
PM:04:08:29/04/2018