حاکم لەتیف مستەفا نهێنیەکی گفتوگۆی نێوان خۆی نەوشیروان مستەفا بڵاودەکاتەوە

پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق حاکم لەتیف مستەفا نهێنی گفتوگۆیەکی نێوان خۆی نەوشیروان مستەفا ئاشکرا دەکات کە تایبەت بووە بە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لە بەغدا.

حاکم لەتیف مستەفا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەناونیشانی " ھێواش برادەر، کاکە نەوە وای نەوت" نووسیوویەتی " ھەندێ برادەر تەواو شوڵینان لێ ھەڵکێشاوە و شتەکانیان تەواو تێکەڵ کردوە، وا دەزانن دژایەتی یەکێتی و پارتی واتە دژایەتی ھەرێمیش" 
لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت " من ئەم ڕوداوە ئەگێڕمەوە بۆ ئەوەی خەڵک و بە تایبەتیش بۆ ئەوانەی دروشمی ««لەسەر ڕێبازی کاک نەوشیروانیان »» ھەڵگرتوە ، بیخوێننەوە: نەورۆزی ساڵی ٢٠١٢ کاتێک مەسعود بەرزانی بەبێ مناسەبەو بێ ھۆکارێکی موقنیع ئاگری لە پەیوەندیەکانی ھەرێم و بەغدا بەرداو ھێڕشی کردە سەر مالکی و حکومەتەکەی و بە تائیفی ناوزەدی کرد، ئیتر بەینیان تێک چوو، مالکی دروشمی حکومەتی زۆرینەی بەرز کردەوە" .

حاکم لەتیف لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت " پەرلەمانتاری دەوڵەتی قانون یاسین مەجید کە نزیک بوو لە خۆی ھاتە لامان، وتی مالکی دەیەوێت حکومەتێکی زۆرینەی سیاسی دروست بکات، بەڵام نایەوێت ببێتە حکومەتی زۆرینەی تائیفی، بۆیە دەیەوێت ئەم حکومەتە ھەڵوەشێنێتەوەو لەگەڵ ھەندێ کوتلەی سونی و کوردی و شیعی حکومەتێکی زۆرینە پێک بھێنێت و ئەوانی تر ببنە ئۆپۆزسێۆن ، واتە لەھەردوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆن ھەرسێ پێکھاتەکە ھەبن ، وتیشی مالکی وتویەتی ھەموو پۆستەکانی کوردیش لە ھاوپەیمانی کوردستانی وەدەگرینەوە و دەیاندەین بە ئێوە ، ووتمان ئێمە پێشنیارەکەێ ئێوە بە سەرکردایەتی بزوتنەوەکە ئەڵێین".

ناوبراو هەڵوێستی نەوشیروان مستەفا لەسەر ئەو داوایەی مالکی بۆ گۆڕان ئاشکرا دەکات و نووسیوویەتی " کاک نەوشیروان ، وتی ئێوە ڕەئیتان چیە ، من وتم وەڵا لای من خاک لەھەموو شت گرنگترە ، ئەگەر بە گرەنتی لە ماوەیەکی زەمەنی دیاریکراو مادەی ١٤٠ جێ بەجێ بکەن، بۆ نەیکەین ، ئەو وتی نا نەخێر مالکی نە شتی وا دەکات نە پێشی دەکرێت، چونکە جێبەجێکردنی کۆی مادەکە پەیوەست نیە، تەنھا بە بڕیاری ئەو با سەرۆک وەزیرانیش بێت ، ئەوان دەیانەوێت ئێمە بەکار بھێنن بۆ شەرعیەتدان بە حکومەتەکەی خۆیان کە نوێنەری کوردیشە ، ھەروەھا بەکاریشمان دەھێنن بۆ دژایەتی پێگەی ھەرێم ، پێیان بڵێن ئێمە ئیعتیزار ئەکەین، ئەوە لە کاتێکدا مەسعود بەرزانی پێشتر ولە کاتی گفتوگۆکانی پێک ھێنانی حکومەت کە بەینی لەگەڵ مالکی خۆش بوو پێی وتبوو: ئێمە ڕازی نابین پۆلیسێکیش بۆ گۆڕان دامەزرێنن".



PM:10:04:01/05/2018