حکومەتی عێراق لەسەر فشار خستنەسەر هێزە ئەمنییەکانی هەرێم هاتە دەنگ

حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەوانەی هێزە ئەمنییەکان ناچار دەکەن دەنگ بە لایەنێکی دیاریکراو بدەن، ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە، داواش لە هاوڵاتیان دەکات، کە گوێ بەو هەڕەشانە نەدەن، حکومەتی عێراق لە پشتیان دەبێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا سەعد حەدیسی، وتەبێژی نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا،"هەواڵمان پێگەیشتووە، کە حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان هەڕەشەی گواستنەوە و دەرکردن لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و فەرمانبەران دەکەن تا ناچاریان بکەن، کە دەنگ بەلایەنێکی دیاریکراو بدەن".

دەشلێت، "ئەگەر ئەم ڕێوشوێنانە ئەنجامبدرێن، ئەوا لایەنە بەرپرسەکان ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە".

وتەبێژەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق  داواش لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە گوێ بەو هەڕەشانە نەدەن، حکومەتی عێراق لە پشتیان دەبێت بۆ پەیڕەوکردنی مافی خۆیان لە هەڵبژاردنەکان و دەنگدانێکی ئازادانە بەو لایانەی باوەڕیان پێی هەیە.

ماوەی چەند رۆژێکە دەنگۆی فشار خستنەسەر فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم هەیە، لەلایەن چەند حزبێکی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستانەوە، بەمەبەستی ۆکردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

AM:11:38:05/05/2018